پەرلەمان لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك لە 2003 تا 2018 دەكۆڵێتەوە

:: AM:09:43:18/12/2018 ‌
پەرلەمانتارانی لیژنەی تەناهی و بەرگری پەرلەمانی عێراق، هەوڵی لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك دەدەن. ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێ دەمانەوێ لە گرێبەستەكانی 2003وە تا ئێستە بكۆڵینەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 18ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، عەباس سروت پەرلەمانتاری لیژنەی تەناهی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، وەك لیژنە نیازیان هەیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بە گرێبەستەكانی كڕینی چەك بكەنەوە هەر لە ساڵی 2003 تا كۆتایی شەڕی داعش.

 "لیژنەكە لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیری دەست پێ كردووە لەبارەی گرێبەستەكانی كڕینی چەك لەلایەن عێراق لەگەڵ وڵاتانی دنیا هەر لە 2003وە تا ئێستە". عەباس وا دەڵێ. ئەوەشی خستەڕوو جەنگی دژ بە داعش، دەرفەتێكی فراوانی رەخساند تا زۆرترین گرێبەستی كڕینی چەك بكرێت، بەشێك لەو چەكانەی كڕاون كۆنن و بەكار هاتوون، بەڵام بە نرخی خەیاڵی لەسەر عێراق هەژمار كراوە.

گوتی "لێكۆڵینەوە هەموو شتێك دەگرێتەوە بەتایبەت سەرچاوەكانی كە چەكەكەی هێناوە لەگەڵ بەهای گرێبەستەكە و توانای چەكەكە و ماوەی خزمەتی و بەكارهێنانی".

جێی باسە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق و هەڵوەشاندنەوەی سوپا و دووبارە دامەزراندنەوەی، تا ئێستە دەیان گرێبەستی كڕینی چەك لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق كراوە و بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكانی پێشتر بڵاو كراونەتەوە، بە ملیۆنان دۆلار گەندەڵی لە گرێبەستەكان كراوە.



وشە - فه‌رمان سادق