كۆشكی سپی ئەمەریكی رای دەگەیەنێ، بەهیچ شێوەیەك دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی رادەستكردنەوەی
فەتحوڵا گولەنی بە توركیا نەداوە، ئەمەش لە كاتێكدایە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە ئەمەریكا ئەو بەڵێنەی بە ئەنكەرە داوە.
ئەمڕۆ سێشەم 18ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، بەرپرسێكی باڵا لە كۆشكی سپی رەتی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەڵێنی ئەوەی لە لووتكەی جی 20 لە ئەرجەنتین بە توركیا دابێت كە فەتحوڵا گوڵەن كەسایەتی دیاری ئاینی توركیا.
ئەو رەتكردنەوەیە لە كاتێكدایە مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا دوێنێ دووشەم 17ی كانوونی یەكەم، رای گەیاند كە دۆناڵد ترەمپ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای راگەیاندووە كە واشنتن كار دەكات لەسەر دۆسیەی گولەن كە ئێستە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە بۆ ئەوەی رادەستی توركیای بكاتەوە.
دەسەڵاتدارانی توركیا، فەتحوڵا گولەن بە بەرپرس دەزانن لە كودەتا شكستخواردووەكەی حوزەیرانی 2016 دژ بە دەسەڵاتی دەوڵەت، لەسەر ئەو پرسە دەیان بەڵگەیان بە قسەی خۆیان داوەتە ئەمەریكا و چەندان جاریش داوایان كردووە كە رادەستی توركیای بكەنەوە بۆ ئەوەی بەپێی یاساكانی ئەو وڵاتە دادگایی بكرێت.
ورووژاندنی ئەو پرسە لە كاتێكدایە هەینی رابردوو هەڵمەتێكی گرتن لە توركیا دەستی پێ كردووەتەوە كە تا ئێستە زیاتر لە 200 چەكدار لە ریزی سوپا و هێزە تەناهییەكان گیراون و تۆمەتبار دەكرێن بە كودەتاكەی 2016.