چاوەڕوان دەكرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 18ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق متمانە بدرێت بە وەزیرەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ متمانە بە هەشت وەزیرەكە نادرێت.
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی چاكسازی ئاشكرای دەكات بەگوێرەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان تەنیا متمانە بە چوار وەزیر دەدرێت نەك هەر هەشت وەزیرەكە.
ئەو پەرلەمانتارە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەدا دەنگدان بۆ چوار وەزیر دەكرێت و متمانەدان بە وەزیرانی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و داد و پەروەردە دوا دەخرێت.
گوتی "كاندیدی چوار وەزارەتەكەی تر كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی
پەرلەمان بڕیارە متمانەیان پێ بدرێت، خۆیان ئامادە دەبن بێ ئامادە بوونی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران".
دەنگدان بەو چوار وەزیرە لە كاتێكدایە هاوپەیمانی چاكسازی پێش دانیشتنی پەرلەمان هەڕەشەی كشانەوە و پەك خستنی دانیشتنی پەرلەمانی كرد بوو ئەگەر كاندیدانی وەزارەتەكانی ناكۆكی لەسەر وەك ناوخۆ و بەرگری بە تایبەت، بهێنرێنە ناو پەرلەمان بۆ متمانە پێدانیان، بەڵام دواتر رێككەوتن كراوە كە تەنیا متمانە بە چوار وەزیر بدرێت.
جێی باسە پەرلەمانی عێراق لە 24ی ئۆكتۆبەری رابردوو متمانەی بە 14 وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی داوە و ماوەی زیاتر لە 50 رۆژە بەهۆی ناكۆكی لەسەر وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری، پەرلەمان نەیتوانیوە متمانە بە هەشت وەزیرەكەی تر بدات.