پاڵێوراون بۆ راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتد

:: PM:01:01:18/12/2018 ‌

چارەنووسی جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بە ناداری ماوەتەوە بەهۆی ئەنجامە خراپەكان و كێشەكانی لەگەڵ یاریزانان.

یانەی مانچستەر یونایتد ئێستا بەكۆكردنەوەی 26 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی دێت و 19 خاڵ لە دواوەی یانەی لێڤەرپوولی پێشەنگی یانەكانە.

سەرەڕای هەموو ئەوانەش كارگێڕیی یانەی مانچستەر یونایتد نایەوێ دەستبەرداری مۆرینۆ ببێت تا كۆتایی ئەم وەرزە.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: بەشێوەیەكی فەرمی دوو راهێنەر پاڵێوراون بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مۆرینۆ لە ئەگەری بەردەوامی ئەنجامە خراپەكان و دووركردنەوەیدا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە پاڵێوراوی یەكەمی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتد زێنەدین زێدانی راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە، پاڵێوراوی دووەمیش ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزییە.

پێشنیارێكی تر برێتییە لە دیاریكردنی مایكل كاریكی یاریدەری ئێستای مۆرینۆ.

كێشەی سەرەكی یانەی مانچستەر یونایتد لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی مۆرینۆ ئەو بڕە پارەیە كە دەبێت یانەكە بۆ دەركردنی بیدات ئەویش 18 ملیۆن پاوەنە.

قەرەبووكردنەوەی مۆرینۆ لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بۆ 22.5 ملیۆن یۆرۆ زیاد دەبێت ئەگەر لە كاتی دەركردنیدا یانەی مانچستەر یونایتد لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مابێتەوە یانیش یانەكە لە ریزبەندی چوار تیپەكەی یەكەمی خولی نایابی ئینگلیزی بێت و وەرزی داهاتووش لە خولی پاڵەوانان بەشداربێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م