رابیۆ یەك مەرجی بۆ یانەی بەرشەلۆنە هەیە

:: PM:01:21:18/12/2018 ‌

ئەدریان رابیۆی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی تەنیا یەك مەرجی لەبەردەم یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داناوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا.

رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی ئاشكرای كرد: رابیۆ تا ئێستا پێداگیری لەوە دەكات گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان نوێ نەكاتەوە و بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا یاری بكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: رابیۆ تەنیا یەك مەرجی بۆ یانەی بەرشەلۆنە داناوە ئەویش ئەوەیە كە بەڵێن لە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەر وەربگرێ لە یارییەكانی وەرزی داهاتوودا بەشێوەیەكی بەرچاو یاریی پێ بكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە ئەم بەڵێنە بێگومان بۆ یانەیەكی گەورەی وەك بەرەشەلۆنە زەحمەتە بەهۆی بوونی چەندان ئەستێرە لە ریزی یانەكەدا بە تایبەتیش لە هێڵی ناوەڕاست.

رابیۆ هەروەها بڕیاریداوە چاوخشانەوە بەسەرجەم ئەو دەستەوارانە بكات كە لە ماوەی داهاتوودا پێشكەشی دەكرێن بەتایبەتیش لە یانەكانی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و تۆتنهامی ئینگلیزی، هەرچەندە خۆی بەتەواوی ئارەزووی یاریكردنی لەنێو یاریگەی كامپ نوو هەیە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان هەڕەشەی لە رابیۆ كردووە ئەگەر لە هەڵوێستەكەی بەردەوام بێت و گرێبەستەكە نوێ نەكاتەوە، لە یارییەكانی داهاتووی تیپەكەی دووری بخاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م