له هه‌ر 100 ئۆتۆمبێلدا 43یان قایش قوڕیان نه‌به‌ستووه
قایش قوڕ پێویستییه‌كه له مه‌رجه‌كانی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل و سزای سه‌رپێچیكارانی له یاسای هاتوچۆ پێ بژاردنه. له هه‌ولێری پایته‌خت كه‌م نین ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی قایش قوڕیان نه‌به‌ستووه و ڕۆژانه به به‌رچاوی پۆلیسی هاتوچۆوه جرتوفرتیانه و ئاوی سه‌رشه‌قام بۆ ئۆتۆمبێلی پشته‌وه هه‌ڵده‌ده‌ن. كه‌سیش نابینرێت له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رپێچییه سزا بدرێت.
ڕۆژانه نزیكه‌ی ملیۆنێك ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت جرتوفرتیانه. ئه‌وان كه به‌سه‌ر شه‌قامی به‌رین و ته‌ختدا ڕێ ده‌كه‌ن، ناڕێكی ڕۆیشتن و سه‌رپێچییه‌كانیان قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری فه‌راهه‌م هێناوه، كه زۆر جار تێیاندا ئۆتۆمبێله‌كان په‌نگ ده‌خۆنه‌وه و هاتوچۆ ده‌خنكێت. سه‌رپێچییه‌كان یه‌ك و دوو نین و له‌م وه‌رزی زستان و باراناوییه‌دا، كاتێك ده‌چیته سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت، پڕ ئۆتۆمبێلن و زۆریان بێ قایش قوڕن و هه‌رچی ئاوی سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌یه، بۆ پشته‌وه‌ی ده‌پژێنێت. به‌جۆرێك جامی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی دوای خۆی سواغ ده‌دات كه توانای بینینی بۆ ناهێڵێته‌وه. هه‌ر پێڕاده‌گه‌ی جامی پێشه‌وه‌ت خاوێن بكه‌یته‌وه و 10 خولهك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی دڵۆپێك ئاو له ده‌به‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت نه‌هێڵێته‌وه. خۆ له ڕێیه‌كانی ده‌ره‌وه فڵچه‌ش ده‌ره‌قه‌تیان نایه‌ت. ئه‌وه جیا له‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ده‌بێته پارچه‌یه‌ك قوڕ و وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌تڵه قوڕاویان پێدا كردبێت، چڵپاو له‌سه‌ر لاشه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت وه‌ك ناوه‌وه‌ی فنجان دوای خواردنه‌وه‌ی قاوه، شاخ و داخێك ده‌نه‌خشێت مه‌گه‌ر قاوهگرهوهكان، ئه‌گه‌ر نا كه‌س نییه خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و دۆخه بكات كه ئۆتۆمبێلانی بێ قایش قوڕ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت ده‌ینێنه‌وه.
قایش قوڕ كه یه‌كێكه له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل و نه‌به‌ستنی به‌پێی یاسا سزای له‌سه‌ره. كه‌م نین ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی قایش قوڕیان نه‌به‌ستووه و به به‌رده‌می پۆلیسی هاتوچۆ به شه‌قامه‌كانی هه‌ولێردا جرتوفرتیانه، به بێ ئه‌وه‌ی تاقه دانه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رپێچییه‌یان سزا بدرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماری ژماره‌ی ئۆتۆمبێلانی بێ قایش قوڕ دیار نییه، به‌ڵام له به‌دواداچوونه‌كه‌ی "وشه" دا له ماوه‌ی 20 خوله‌كی وه‌ستان له‌سه‌ر چوارڕیانی شۆڕش، ده‌ركه‌وت له 100 ئۆتۆمبێل ٤٣یان بێ قایش قوڕن. قایش قوڕ هه‌ر بۆ وه‌رزی زستان پێویستی نییه، به‌ڵكو نه‌به‌ستنی سه‌رباری زیانه‌كانی كه بۆ ده‌وروبه‌ر هه‌یه‌تی، زیان به ئۆتۆمبێله‌كه‌یش ده‌گه‌یه‌نێت.
یوسف بازیانی سه‌رۆكی ڕێكخراوی سه‌لامه‌تی هاتوچۆی ڕێگه‌وبان باس له سووده‌كانی قایش قوڕی ئۆتۆمبێل ده‌كات، كه جگه له ڕێگری له پژاندنی قوڕ و چڵپاو، ناهێڵێت ئه‌و به‌رده‌ی كه له بن تایه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌رده‌چێت، به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دواوه بكه‌وێت. ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه نه‌به‌ستنی زیان به ئۆتۆمبێل ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه قایش قوڕ ناهێڵێت ئاو و قوڕ به لاشه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه بكه‌وێت و به پێوهمانهوهی لاشه‌كه‌ی ده‌ڕزێت. ئه‌و ده‌ڵێ "پێویسته له كاتی ههزهكردنی ئۆتۆمبێل دووپات له به‌ستنی قایش قوڕ بكرێته‌وه و له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی هاتوچۆوه كاتێك كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان لێپێچینه‌وه ده‌كه‌ن، به توندی سزای شۆفێران بده‌ن".
به‌پێی بڕگه‌ی ١٢ی یاسای ژماره ٨٦ ی ساڵی ٢٠٠٤، نه‌به‌ستنی قایش قوڕ سزاكه‌ی پێ بژاردنه و یوسف بازیانی ده‌ڵێ، "سزاكه‌ی له ١٠ هه‌زار دینار كه‌متر نییه". ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری هاتوچۆ پێی وایه ئه‌و سزایه كه‌مه و ده‌ڵێ، "یاسای ٨٦ كه‌موكوڕی یه‌كجار زۆری تێدایه و پێویسته پێبژاردنه‌كان بۆ كه‌سانی سه‌رپێچیكار زیاد بكرێت، كه سزا هه‌یه ته‌نیا پێنج هه‌زار دیناره و شۆفێر سڵی لێ ناكاته‌وه".
نه‌ك هه‌ر سزاكه كه‌مه، سه‌رپێچیكارانیش سزا نادرێن!. ڕائید فازڵ حاجی گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئۆتۆمبێلی ژماره جنووب و ئه‌وروپی بێ قایش قوڕ له هه‌ولێر زۆرن و حه‌قمان به‌وانه‌وه نییه، به‌ڵام ده‌ڵێ "پێویسته هه‌موو ئۆتۆمبێله‌كانی ژماره هه‌ولێر قایش قوڕی پێوه بێت، چونكه كاتێك بۆ هه‌زه دێنه ناردن، قایش قوڕی پێ ده‌به‌سترێت كه یه‌كێكه له مه‌رجه‌كانی توندوتۆڵی".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئۆتۆمبێلی بێ قایش قوڕی ژماره هه‌ولێر له شه‌قامه‌كان كه‌م نین و 10 خولهك وه‌ستان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندان بژمێری. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ڕۆژانه لێره‌وله‌وێی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر، مه‌فره‌زه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌بینرێت، كه‌چی گوته‌بێژه‌ی هاتوچۆی هه‌ولێر نایشارێته‌وه كه مه‌فره‌زه‌كان زیاتر بۆ مۆڵه‌تی شوفێری و ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله و دووپات له قایش قوڕ ناكه‌نه‌وه، به‌ڵام فازڵ حاجی ده‌ڵێ "پۆلیسه‌كانمان دووپات له‌سه‌ر بوونی هه‌زه ده‌كه‌نه‌وه".
له به‌رانبه‌ریشدا یوسف بازیانی شاره‌زای بواری هاتوچۆ، سه‌رباری پێزانینی بۆ ئه‌ركی قورسی كارمه‌ندانی هاتوچۆ، به‌پێویستی ده‌زانێت كه پۆلیسی هاتوچۆ به‌رده‌وام له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان له هه‌وڵی سزای سه‌رپێچیكاراندا بێت، چونكه هه‌ر ئه‌و سهرپێچییانهیه دواجار ڕووداو ده‌نێنه‌وه.
وشه/ هه‌ولێر. چواس خالید