ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی نێوان پارتی و یەكێتی ئاشكرا بوو

:: PM:02:27:18/12/2018 ‌
لە سلێمانی پاری دیموكراتی كوردستان و یەكێتی كۆ بوونەوە بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیش ئاشكرای دەكەن كۆبوونەوەكان بەردەوامی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 18ـی كانوونی یەكەم، بەپێی راگەیەندراوێكی هاوبەشی ئەو دوو حزبە هاتووە، شاندی دانوستانكاری یەكێتی ‌و پارتی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسلێمانی یەكەم كۆبوونەوەی گفتوگۆكردن لەسەر قۆناغی پاش هەڵبژاردن ‌و بابەتە گرنگەكانی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان‌ و ناوچەكە ئەنجام درا.

لە ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، كەشوهەوای گفتوگۆكان ڕاشكاوانە و بەرپرسیارانە‌ و دۆستانە بوون، تێدا بیر و بۆچوونی هەردوولا حزب ئاڵوگۆر كرا، لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و هەرچی زیاتر هەماهەنگی بۆ بەهێزتركردنی دامەزراوە دەستووریی ‌و یاسایی ‌و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان ‌و خزمەتی زیاتری گەلی كوردستان ‌و هەنگاونانی جددی بۆ كاری پێكەوەیی بكرێت. 

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرا كراوە، هەردوولا دووپاتیان لەبەردەوامی كۆبونەوەكان كردەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێ‌.

پێشتر بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شاندەكەی پارتی بۆ كۆبوونەوە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ ئەمڕۆ گەیشتنە سلێمانی و گفتوگۆكان دەست پێ‌ دەكەنەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی گوتبووی، شاندەكەی پارتی پێكهاتووە لە ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد و هێمن هەورامی و فرسەت سۆفی كە وەك شاندی یەكەمی پارتییە بۆ سەردانی سلێمانی.

ئەو ئاشكراری كرد، شاندەكەی پارتی ئەمڕۆ گفتوگۆكانی چڕ دەكاتەوە بۆ ئەوەی بەشی زۆری پرسەكان یەكلا بكاتەوە، ئەگەری هەیە ڕۆژێكی تریش بمێننەوە تا گفتوگۆكان بەرەو كۆتایی بچێت.

لە دوو كۆبوونەوەی ڕابردوو لە نێوان پارتی و یەكێتی گۆڕان، ئەوە یەكلا بووەتەوە یەكێتی و گۆڕان بەشداری حكوومەت دەكەن.

لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا وەك حزبی یەكەم مافی پێكهێنانی حكوومەت هەیە، یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی و حزبەكانی تریش لە خوارووی 10 كورسییان بەدەستهێنا.



وشە - رامیار جەواد