رۆڵی رووسیا لە خۆپێشاندانەكانی فڕەنسا چییە؟

:: PM:06:13:18/12/2018 ‌

رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی"ی ئیسرائیلی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە رووسیا لە گەرمكردنی ناڕەزایەتییەكانی فڕەنسا تێوەگلاوە و ئەو دەست لە كاروباری ناوخۆی فڕەنسا و چەند وڵاتێكی تر لە دنیا وەردەدات.

لەگەڵ هاتنی ڤلادێمێر پووتین، سەرۆكی رووسیا بۆ دەسەڵات لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە پۆستەكانی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی رووسیا، ئەو ویستوویەتی پێگە و شكۆی جارانی یەكێتی سۆڤیەت بگەڕێنێتەوە و ببێتەوە جەمسەری بەرەبەركانی رۆژئاوا لە سەرانسەری دنیا، بۆیە دەست و كاریگەری ئەو وڵاتە لە ناوچە گەرمەكان و گرنگەكان بە ئاشكرا و بە نهێنی دیار دەكەوێت، نموونەیش بۆ ئەوە ئەو دەنگۆیەی دەستوەردانی رووسیایە لە هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و لە سووریا و ئۆكراینا. 

بنینا شوكر، توێژەری ئیسرائیلی لە رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی"ی ئیسرائیلی لەو بارەوە نووسیویەتی، دوای تێپەڕبوونی پێنج هەفتە بەسەر دەست پێكردنی خۆپێشاندانەكان، دەتوانین شوێنپەنجەی رووسیا بەسەر رووداوەكانی فڕەنسا و گەرمكردنیان دیاری بكەین كە لەلایەن هێلەك زەردەكانەوە ئەنجام دەدرێت.

زیاتر كوتی، لە هەفتەی رابردوودا هەزاران بابەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە مەبەستی گەرمكردنی ناڕەزایەتییەكان و جۆشدانیان بڵاو كراوەتەوە لەو حیساباتانەی كە كرملین بەڕێوەیان دەبات، لەسەر ئەو بنەمایەیش پۆلیسی فڕەنسا لێكۆڵینەوەیەكی دەست پێ كردووە لەبارەی گومانی سوودوەرگرتنی رووسیا لەو رووداوانە بۆ قووڵكردنەوەی بۆشایی و ناكۆكی نێوان گەلی فڕەنسا و حكوومەتەكەی. لەو كاتەی رووسیا بەتوندی تێوەگلانی لەو كارە رەت دەكاتەوە و بەیاننامەیەكی لەو بارەوە دەركردووە و تیایدا دەڵێت، ئێمە دەستمان لەو كارەدا نەبووە و نیازیشمان نییە دەست لە كاروباری هیچ وڵاتێك وەربدەین، لەوانەیش فڕەنسا.

لە ساڵانی دوایی رووسیا رووبەڕووی چەندان ناڕەزایەتی هاتەوە دوای ئەوەی سوودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەرگرت بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی چەندان هەڵبژاردن و راپرسی لە دنیا، كاتێك گومان دروست بوو لە دەستوەردانی لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و لە راپرسی بەریتانییەكان لەبارەی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا و بەم دواییەیش لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەكانی چەند وڵاتێكی ئەفریقیایی.  

لەبارەی فڕەنساوە، ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا لە چەند بۆنەیەكەوە لە كاتی هەڵمەكانی هەڵبژاردن لە وڵاتەكەی لە 2017 و دوای ئەوەیش، رای گەیاند كە هەردوو ئاژانسی "سپۆتنیك" و "رووسیا تودەی" ئەوان لە راستیدا ئامرازێكن بۆ سەپاندنی دەسەڵات و بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی درۆ.

بنینا دەڵێت، ئەو قسانەی ماكڕۆن پشت بە بەڵگەی كردەنییەوە دەبەستن، چونكە لە ئێوارەی بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فڕەنسا لە ئایاری 2017، "سپۆتنیك" راپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تیایدا دەڵێت كە ماكڕۆن پاڵپشتی لە گرووپێكەوە وەردەگرێت كە ئەندامانی كەسانی لادەرن، هەروەها ئاژانسەكە هەواڵێكی بڵاو كردەوە بەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ماكڕۆن لەلایەن سعوودیەوە پاڵپشتی دەكرێت. 

جیا لەوە چەند بەڵگەنامەیەكی ساختە لەو حیساباتانەوە بڵاو كرایەوە كە ماكڕۆن لە دەرەوەی فڕەنسا هەیەتی، بۆیە ماكڕۆن دووپاتی كردەوە كە ئەو هۆكارەی وا دەكات رووسیا ئەو زانیاریە ناڕاستانە بڵاو بكاتەوە، بەهۆی هەڵوێستە توندەكانیەتی لە بەرانبەر رووسیا، سەرەڕای ئەوەی هەوڵەكانی رووسیا سەركەوتوو نەبوو، بەڵام روونە كە كرملین بێهیوا نەبووە و ماڵپەڕەكانی سەر بە رووسیا لە رۆژانی دواییدا چەند راپۆرتێكی درۆیان بڵاو كردووەتەوە بەوەی یاخیبوونێكی فرەوان لە ریزەكانی پۆلیسی فڕەنسا لە دژی ماكڕۆن هەیە. بۆ دووپاتكردنەوەی راپۆرتەكەیش ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە بۆ ژمارەیەك كارمەندی پۆلیس لە شاری "باو" لە باشووری رۆژئاوای فڕەنسیا كە كڵاوە ئاسنینەكانیان لەسەر دەكەنەوە وەك هاوشانییەك لەگەڵ خۆپێشاندەران.

لەو كاتەی سەرچاوەكانی پۆلیس لەو شارە و رۆژنامەوانانیش كە رووماڵی رووداوەكانیان لەوێ دەكرد دووپاتیان كردەوە كە ئەو راپۆرتانە راست نین و ئاماژەیان كرد كە راستە ئەو كارمەندانەی پۆلیس بۆ ماوەیەكی كورت و بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ خۆپێشاندەران كڵاوەكانیان لەسەر كردەوە، بەڵام جارێكی تر كردیانە سەریانەوە. هەروەها هەواڵێكی تری ناڕاست بڵاو كرایەوە بەوەی چەند نیشانشكێنێكی فڕەنسایی لەكاتی خۆپێشاندانەكان چوونەتە سەر تەلارە بەرزەكانەوە بۆ تەقەكردن لە خۆپێشاندەران، هەروەها وێنەی چەند بریندارێك لەوانەی بەشداریان لە ناڕەزایەتییەكان بڵاو كردەوە لە پێناو وێناكردنی ئەوەی پۆلیسی فڕەنسا بە دڕەندانە لەگەڵ خۆپێشاندەران رەفتار دەكات.

بەگشتی ئەگەر تا ئێستە بەڵگەیەكی بەهێزیش نەبێت كە تێوەگلانی رووسیا لە هەڵگیرساندنی ناڕەزایەتییەكانی فڕەنسا بسەلمێنێت، مشتومڕی لەسەر نییە كە رووسیا هیچ هەلێك بەفێڕۆ نادات بۆ گەرمكردنی پشێوی لەو وڵاتە و كردنی رۆن بەسەر ئاگرەكەوە، جیا لەوە هەندێك جار خۆپێشاندەرەكانیش خۆیان چەند هەواڵێكی ناڕاست بڵاو دەكەنەوە وەك بڵاوكردنەوەی وێنەی چەند ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگەی خێرا جیهێڵراون كە شوفێرانی ئەڵمانیا بەهۆی ناڕەزایەتیان لە بەرانبەر زیادكردنی باج بەسەر سووتەمەنی جێیان هێشتوون، بەڵام راستییەكەی ئەو وێنانە تایبەتن بە جەنجاڵی شەقامەكانی چین.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل