چاكسازی ئابووری.. چین چۆن موعجیزەی دروست كرد؟

:: PM:09:00:18/12/2018 ‌

لە دەوڵەتێك كە مێژووەكەی بەدەست جەنگەوە ناڵاندوویەتی و چەندان ئایدۆلۆجی كە بە درێژایی دەیان ساڵ شەكەتی كرد و جیا لە هەژاری و نەزانی هیچیتری بۆ نەهێنا، گەیشتە ئاستی دەوڵەتێك كە هەموو شتێكی بریتییە لە دەستكەوت و پەرەسەندن لە بوارە جیاجیاكانەوە و لای زۆرێك بە موعجیزە وەسف دەكرێت. 

ئەو دەوڵەتە چینی نوێیە كە كە دینگ شیاو بینگ، سەرۆكی كۆچكردووی بەر لە 40 ساڵ دەستی بە چاكسازییەكان و كرانەوە كرد بە بێ گوێدانە ئەوەی ئەو كات رای گەیاند، رەنگی پشیلەكە ئاخۆ رەشە یان سپی گرنگ نییە، مادەم توانای گرتنی مشكی هەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ توانای پەرەپێدان تەنانەت ئەگەر بە كرانەوە بە رووی دوژمنانی رابردوویش بێت. بۆیە ئا ئەوەتا چینییەكان ئەمڕۆ تەنیا نەگەیشتوون بە خاوەن دووەم گەورەترین هێزی ئابووری لە دنیا، بەڵكو زۆرێك لە سەرەداوەكانی ئابووری دنیایان بەدەستەوەیە وەك چاودێران ئامژاەی بۆ دەكەن.

قەبارەی ئابووری چین لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو دوو هێند بوو و لە 300 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی لە 1980 گەیشتووەتە نزیك 13 ترلیۆن لە كۆتایی 2017، بە رێژەی گەشەسەندنی زیاتر لە 10%. بەوەیش چین چین لە وڵاتێكەوە كە ناوی بە هەژاری و برسیەتی بەسترابووەوە بۆ وڵاتێكی خاوەن زیاتری ژمارەی ملیاردێرەكان گۆڕا كە 620 ملیاردێری چینی هەن لە پێشەوەیان جاك ما، دامەزرێنەری كۆمپانیای "عەلی بابا" بۆ بازرگانی ئەلیكترۆنی كە سامانەكەی بە 40 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

هاوكات لەو ماوەیەدا ئاستی بژێوی چینییەكان گەیشتە ئاستێك كە پێشتر بەر لە چاكسازی و كرانەوەی ئابووریان بە رووی دنیای دەرەوە نەیانبوو، بە شێوەیەك بەهای بازرگانی كاڵا و خزكەتگوزارییەكانی چین لە 20 ملیارەوە لە كۆتای ساڵانی حەفتاكانی سەتەی رابردوو بۆ زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار لە ساڵانی دوایی زیادی كرد و گەیشتە ئاستی دووەم لە جیهان لە دوای ئەمەریكا.

لەو بارەوە دكتۆر لیو چین، مامۆستای پێوەندییەكانی دەرەوە لە زانكۆی بیجینگ بۆ لێكۆڵینەوە بۆ "جەزیرە نێت" دەڵێت، چین گۆڕانكاری زۆر گەورەی لە هەموو بوارەكان بەخۆیەوە بینی، ئەویەش بەهۆی سیاسەتی چاكسازی و كرانەوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی بژێوی گەلەكەی، كاتێك چین توانی زیاتر لە 700 ملیۆن كەس لە چنگی هەژاری رزگار بكات بە شێوەیەك بەر لە 40 ساڵ خەونی هاووڵاتییەكی چینی بوون بە خاوەنی پایسكیلێك بوو، كەچی ئێستە هەموو خێزانێكی چینی بوونەتە خاوەنی ئۆتۆمبێل. 

رەنگە ئەو پەرەسەندن و چاكسازییە وای كردبێت كە سەرمایەی بیانی بڕژێتە ناو بازاڕەكانی ئەو وڵاتە لە رێگەی وەبەرهێنان بە بڕی 200 ملیار دۆلار تا كۆتایی 2017، ئەوەیش دوای ئەوەی لە 1980دا شتێكی وا نەبووە.

لەسەر ئاستی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیشەوە، بێگومان پلانەكانی ئەو وڵاتە بە ناوی "دروستكراوی چینە 2025"، بە روونی ئاماژە بۆ ئەو ئاستە دەكات كە ئەو وڵاتە پێی گەیشتووە لە پێشڕەوی لە بوارەكانی تەكنۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان و لە پێشەوەیان بواری زیرەكی دەستكرد كە ئێستە چین بڕی 150 ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی تەرخان كردووە.  ئەوەیش جیا لە پڕۆژەكانی وزەی پاك كە وەبەرهێنانەكانی لەو بوارەدا گەیاندووەتە 40 ملیار دۆلار و لەپێشەوەیان وزەی خۆر كە ئێستە چین زیاتر لە 60%ی كۆی بەرهەمی جیهان لە لەوحەكانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دروست دەكات.

هاوكات شی جین بینگ، سەرۆكی ئێستەی چین لە دوای هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە لە ئازاری 2013 بڕیاری دا بە گۆڕینی بیروباوەڕی پیشەسازی چین، ئەوەیش بۆ ئەوەی خۆی لە پاشكۆیی لە رووی تەكنۆلۆجیاوە بۆ رۆژئاوا رزگار بكات و ببێتە یەكێك لە زلهێزەكان لە بوارەكە، لێرەوە بیرۆكەی ستراتیجیەتی "دروستكراوەی چینە 2025" سەری هەڵدا بە مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بە هەوڵ و كۆششی خودی لە چەندان رووەوە كە هەر هەموویان گرنگی بە پیشەسازی و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو دەدەن، نەوەك پیشەسازی هەرزانبەها و بێ كوالیتی.

چاودێران پێیان وایە ئەزموونی چین بە پلەی یەكەم بۆ یەكخستنەوەی وڵاتەكە هاتووە لەگەڵ بەها و سیستەمی باوەكان لە جیهان لە دوای ئەوەی چین ماوەیەكی زۆر لە داخران بە رووی دنیای دەرەوە ژیا، لەو كاتەی خۆ شین دو، توێژەر لە كاروباری چین دەڵێت، پرۆسەی خۆیەكخستن زۆر زەحمەت و بوو و رووبەڕووی چەندان كێشە و بەربەست هاتەوە، چونكە چاكسازی و كرانەوە لە چین لە هەموو بوارەكان بە هەمان خێرایی و شێوە بەڕێوە نەدەچوو. 

جیا لەوە پەرەپێدانی ئابووری بە پەلە دەستی پێ كرد و بەردەوام بوو لەسەر حسێبی چاكسازییەكانی تر لە بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشتبیری و ژینگەییەوە كە ئەوەیش وای كرد بە بەردەوام ناكۆكی لەگەڵ وڵاتانی تر هەبێت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل