هۆكاری دەركردنی مۆرینۆ لە مانچستەر یونایتد ئاشكرا بوو

:: AM:09:39:19/12/2018 ‌

دوێنێ سێشەم یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەرە پورتوگالییەكەی جۆزێ مۆرینۆی راگەیاند.

ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئینگلیزی چەند هۆكارێكی ئاشكرا كرد كە بوونە پاڵنەر بۆ ئەوەی بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد دەنگ لەسەر دەركردنی مۆرینۆ بدەن.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە هۆكاری سەرەكی دەركردنی مۆرینۆ پەیوەندی بە كێشە بەردەوامەكانی هەبوو لەگەڵ یاریزانان بەتایبەتیش پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی كە لە سێ یاریی رابردوودا لەسەر كورسی یەدەگ هێشتبوویەوە.

مۆرینۆ یەكشەمی رابردوو لە گەڕی 17ی خولی نایابی ئینگلیزی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی لێڤەرپوول دۆڕا، ئەمەش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی دەكردنی.

مۆرینۆ تەنیا پەیوەندی خراپی لەگەڵ پۆگبا نەبوو، بەڵكو لەگەڵ كۆمەڵێك یاریزانی تریش تێكی دابوو، هەروەها هەڵسوكەتە توندەكانی بوونە هۆی ئەوەی گەلەكۆمەی لەسەر بكەن و دژی بووەستنەوە و لە ئەنجامیشدا یانەی مانچستەر یونایتد بڕیاری دەركردنی بدات.

ئەو یاریزانانەی كە پێشەوایەتی هەڵگەڕانەوەكەیان بەرامبەر مۆرینۆ كردبوو برێتی بوون لە ئەلێكسیس سانچێز و خیسێ لینگارد، راشفۆرد، فرێد و پۆگبا، ئەم كۆمەڵە یاریزانە لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان بڕیاریاندا دژی مانەوەی مۆرینۆ بووەستنەوە.

جێی باسە یانەی مانچستەر یونایتد لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی ئینگلیزی تا ئێستا 17 یاریی ئەنجامداوە و بە كۆكردنەوەی 26 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی یانەكان دێت و 19 خاڵ دوای یانەی لێڤەرپوولی پێشەنگی یانەكان دێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م