دەستەی كارگێڕی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی ئەستێرەی تیپەكەی ئیسكۆ نیشان دا، بەڵام بە نرخێك كە ئەوان دیاری دەكەن.
ئیسكۆ گرێبەستەكەی تا ساڵی 2022 لەگەڵ یانەی ریال مەدرید درێژەی هەیە، بەڵام لە یارییەكانی ئەمساڵ بەتایبەتیش دوای هاتنی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەر وەك پێویست یاریی پێ ناكرێ و ئەمەش وای كرد كە یاریزانە بڕیاری رۆیشتن بدات.
لەلایەكی تریشەوە زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا ئامادەییان پێشاندابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئیسكۆ لەسەرووی هەموویانەوە یانەكانی مانچستەر سیتی، ئارسناڵ و چێڵسی ئینگلیزی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی.
ماڵپەڕی (فوت میركاتۆ)ی جیهانی ئاشكرای كرد كە دەستەی كارگێڕی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە رێگری لە رۆیشتنی ئیسكۆ نەكات.
هەرچەندە بەهای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی ئیسكۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بە 700 ملیۆن یۆرۆ دیاری كراوە، بەڵام یانەكە ئامادەیە بە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بێت.
یانەكە هەروەها بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا پڕۆسەی فرۆشتنی ئیسكۆ دەست پێ بكات و بەهیچ شێوەیەكیش لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوو رێگە بە رۆیشتنی نەدات.