یاریكردن لە هێڵی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەهۆی بوونی لیۆنێل میسی و لویس سوارێز و فیلیپ كۆتینیو بۆ هەر یاریزانێكی تر زەحمەتە.
مونیر حەدادی وەرزی رابردوو لە خولی ئیسپانیا لەگەڵ یانەی ئەلاڤێس بەشداریی لە 37 یارییدا كردبوو و 14 گۆڵیشی تۆمار كردبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی ئەمساڵ یاریكردنی لە پێكهاتەی سەرەكی بۆتە كێشە.
رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: حەدادی بەفەرمی داوای لە كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە كردووە رێگەی پێ بدەن لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوو یانەكەیان جێبێڵێ.
ئەم یاریزانە بەرەگەز مەغریبییە هەرچەندە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی 2 ساڵی ماوە، بەڵام خوازیارە لەم زستانەدا یانەیەكی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە تا بەشێوەیەكی بەردەوام یاریی تێدا بكات.
حەدادی هەروەها داوای لە بەرپسانی یانەكەی كردبوو كە ئاسانكاری بۆ رۆیشتنی بكەن و داوای پارەیەكی زەبەلاح نەكەن و هیچ یانەیەك نەیەوێ گرێبەستی لەگەڵدا بكات.