نرخی نەوتی ئەمەریكا گەیشتە 45 دۆلار

:: AM:11:50:19/12/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە دابەزین كرد و بە رێژەیەكی بەرچاو لە بەهاكەی دابەزی. نرخی نەوتی ئەمەریكا یان تەكساس گەیشتە نزمترین نرخی لە ماوەی 15 مانگی رابردوو تۆمار كرابێت و لە سێ رۆژدا حەوت دۆلار لە نرخەكەی كەم بووەتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 62 دۆلار و 70 سەنت دەفرۆشرا، بەڵام تا ئێستە لە دابەزیندایە و بۆ 60 دۆلار و 27 سەنت دابەزیوە.

بەگوێرەی dailyfx ئەوەی بە رێژەیەكی بەرچاوتر لە نرخەكەی دابەزیوە، نرخی نەوتی ئەمەریكا یان تەكساسە كە بە WTI ناسراوە. نرخی ئەو جۆرە نەوتە سێ رۆژە دادەبەزێ بە پێچەوانەی برێنت كە دوێنێ هەڵكشابوو و ئێستە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 15 مانگی رابردوو تۆمار كرابێت. 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسەوە نرخی نەوتی تەكساس حەوت دۆلار لە هەر بەرمیلێكی دابەزیوە و ئێستە بە 45 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت.

نرخی نەوت لە كاتێكدا دادەبەزێت كە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت سیاسەتی ئەوەیان گرتووەتەبەر رێگری لە بەرهەمهێنانی نەوتە لە سەرووی پێداویستی بازاڕ بكەن و پەرە بە نرخەكەی بدەن.

پێویستە بگوترێ وڵاتانی ئۆپێك بە هاوكاری رووسیا لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەیاندا كە شەشی كانوونی یەكەم دەستی پێ كردبوو، بڕیاریان دا رۆژانە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و ئەو بڕِیارەش چەند رۆژێك كاریگەریی خستەسەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.

بەگوێرەی رێككەوتنەكە لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە بۆ ماوەی شەش مانگ رۆژانە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە نرخی نەوت كەم دەبێتەوە.

بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە رۆژانە 32 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل كە دەبێت 800 هەزار بەرمیل كەم بكرێتەوە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەو پلانەش دەبێت 400 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتیان كەم بكەنەوە. ئێران و لیبیا لەم رێككەوتنە هەڵاوێردراون و بۆیان هەیە نەوتەكەیان بفرۆشن. 

پێویستە بگوترێ لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم نرخی نەوت تا 87 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كرد و ئەم دابەزینەش تا سەرەتای هەفتەی رابردوو بەردەوام بوو.



وشە - سلێمان تاشان