لە زاخۆ راگەیاندنی پرسە بە ئەلیكترۆنی كرا

:: PM:12:08:19/12/2018 ‌

بەمەبەستی خزمەتكردنی هاووڵاتییان بۆ  پرسە، چاپخانەیەك لە شارۆكەی زاخۆ هەڵساوە بە دانانی 10 شوێنی تایبەت بەرێكلامكردنی ناونیشانی پرسەكان بۆ مردوو بە شێوازێكی سەردەمییانە و ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی بە كەمترین تێچوو خزمەت بكات و دیمەنی شاریش نەشێوێنێت.

ریدوان عەبدو خاوەنی چاپخانەی ئیستانبوڵ لە شارۆكەی زاخۆ بە"وشە"ی راگەیاند، بە مەبەستی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و جوانكردنی سیمای شارۆكەی زاخۆ، هەڵساون بە دانانی تابلۆی ئەلیكترۆنی و كارەبایی بۆ رێكلامكردنی پرسەكان .

ئەو دەڵێت تابلۆكان  بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانی و قایمقامییەت و لایەنی پێوەندیدار لە 10 شوێنی گرنگ و ستراتیجی زاخۆ دانراون، هەر رێكلامێك بە شێوازێكی ئۆتۆماتیكی 48 سەعات كار دەكات دواتر نامێنێ، تێیدا وێنەی مردوو و ناونیشانی و شوێنی پرسە و زانیاری پێویست لەسەر نووسراوە، لەگەڵ دروستكردنی تابلۆیەك بە شێوازی فلێكس بۆ مزگەوت یا كەنیسەكان بەبێ بەرانبەر.

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كە دروستكردن و دانانی ئەو تابلۆیانە بۆ كەسوكاری شەهید و پێشمەرگە قارەمانەكان بەبێ بەرانبەر دروست دەكرێت. بۆ كەسانی ئاساییش رێكلام لە 10 شوێن دادەنرێت بەرانبەر تەنیا 50 هەزار دینار و ئەگەر كەسێك توانای نەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات، ئەوا هاوكاری زیاتر دەكەن و داشكانی بۆ دەكەن.

"پێشتر لەسەر دیواری قوتابخانە و باخچەی منداڵان و شوێنە گشتییەكان لافیتەی پرسەكان دادەنران و راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دەروونی خەڵك و قوتابییان  دەكرد، بێجگە لەوەی كە هەندێ جار بەهۆی با و باران و لەلایەن هەندێ كەسەوە دەدڕێنران، بەڵام تابلۆ ئەلیكرۆنییەكان بەهیچ شێوەیەك ناكەونە ژێر كاریگەری با و باران و لافا و دڕاندن، ئەمە جگەلەوەی كە ئەو تابلۆیانە لەو شوێنانە دانراون كە لایەنی پێوەندیدار دیاری كردوون و  كاریگەری لەسەر دەروونی خەڵكیش بەتایبەتی منداڵ و قوتابی نییە." عەبدو وای گۆت.

بەگوتەی خاوەن چاپخانەكە ئەو پارەیەی كە لە رێی رێكلامی پرسەكانەوە دێت، بۆ چاپخانە دەگەڕێتەوە، بەڵام چاپخانە پارەی كارەبا بە حكوومەت دەدات و بڕیار وایە ئەم خزمەتگوزارییە لە شاری دهۆكیش دابنرێت بۆ ئەوەی لەوێشەوە خزمەت بە خەڵكی دهۆك بكرێت.

زاخۆ بە دووریی 50كم دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای دهۆك، ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 290 هەزار كەسە و لە سێ شارەدێی دەركار، رزگاری و باتوفا و نزیكەی 500 گوند پێكدێت.

زاخۆ/نەوزاد هلۆری



وشە - سلێمان تاشان