پارتى و گۆڕان: پێویسته‌ به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ بۆ حكوومه‌تى داهاتوو دابنرێ

:: PM:12:43:19/12/2018 ‌
دواى كۆبوونه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕاگه‌یه‌نراوێكى هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شاندى پارتى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبوونه‌وه‌ دوابه‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌یش له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكى هاوبه‌شدا دووپات له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌  پێویسته‌ به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ بۆ حكوومه‌تى داهاتوو دابنرێت.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، كۆبونەوەكە لە كەشوهەوایەكی بەرپرسانە و بە ئومێدی كاركردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، هەردوولا دووپاتیان لەوەكردەوە كە پرۆسەی گفتوگۆكردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو خاڵە هاوبەش و زۆرانەی لەروانگەی هەردو شاند هەیە بۆ بەرنامەی كابینەی حكوومەت بە ئامانجی باشتركردنی بژێوی خەڵك و چاكسازی ریشەیی لە هەموو بوارەكان.


" كۆبونەوەكە دووپاتى لەوەكردەوە كە گرنگە بەرنامەیەكی تۆكمەی هاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەكانی شەفافیەت و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان و ئیدارەدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی" له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا وا نووسراوه‌.

دووپاتیش كرایه‌وه‌ لە دانانی بەرنامە و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەمیكانیزمی گونجاوی جێ‌ بڕوای لایەنە بەشداربوەكانی حكوومەت، بنەمای سەرەكی بێت.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم