ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا: نازانین داهاتی ئه‌و موڵكانه‌ی شاره‌وانی چه‌نده و بۆ كێ خه‌رج ده‌كرێت؟
شاره‌وانیی سلێمانی ئاشكرای ده‌كات كه خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆری دووكان و زه‌وی و بازاڕه كه به كرێ ده‌درێن و كرێی ساڵانه‌یان نزیك ده‌بێته‌وه له 20 ملیار دینار. به‌ڵام لیژنه‌ی شاره‌وانیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه‌ش رای ده‌گه‌یه‌نن كه "ئاگاداری به‌كرێدانی موڵكی شاره‌وانی نین و نازانین به كرێدانه‌كان به ته‌نده‌ر ده‌كرێن یان نا".
توانا كه‌مال سه‌رۆكی شاره‌وانیی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له سنووری شاره‌وانیی سلێمانی به هه‌زاران زه‌وی و دووكان و شوێنی بازرگانی هه‌ن كه ساڵانه یان مانگانه به كرێ دراون، سه‌رجه‌م به كرێدانه‌كانیش به‌شێوه‌ی ئاشكرا و له ڕێی ته‌نده‌ره‌وه بووه و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له زیادكردنه‌كه‌دا به‌شدارییان كردووه، هه‌ر كامێكیان پاره‌ی زیاتریان دابێت، موڵكه‌كه به‌و دراوه و پاشان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵدا كراوه كه كۆمه‌ڵێك مه‌رج و ڕێنوێنی له‌خۆ ده‌گرێت.
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه پێدانی پاره‌ی كرێ یان به یه‌ك جار یان به دوو جار وه‌رده‌گیرێت، دوای تازه‌كردنه‌وه‌ش شاره‌وانی ئازاده دووباره گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هه‌مان كه‌س بكات یان نا.
به‌گوته‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی، شاره‌وانیی سلێمانی زیاتر له دوو هه‌زار پارچه زه‌وی و دووكانی هه‌یه كه ساڵانه گرێبه‌ستی به كرێدانیان ده‌كات، هه‌ندێ له دووكانه‌كان به كرێی ساڵانه دراون به هاووڵاتییان و ساڵانه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ نوێ ده‌كرێته‌وه، هه‌ندێ زه‌ویش هه‌ن كه ده‌درێن به كرێ، زیاتر بۆ گه‌راج و پارك به‌كار ده‌هێنرێن.
كۆی داهاتی به‌كرێدانی هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ دووكان و شوێنی تر به كرێی داون، ساڵانه ده‌گاته 15 بۆ 18 ملیار دینار. وه‌ك توانا كه‌مال خستیه ڕوو، له سێ ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی دۆخه‌كه‌وه، كه‌مێك داهاتیان كه‌متر بوو به جۆرێك ده‌گه‌یشته 12 ملیار دینار و پاره‌كه‌ش چووه‌ته سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌تی دارایی.
كه‌مال له‌باره‌ی قه‌ره‌باڵغی ناوشار و ڕێكخستنی شه‌قام و گه‌راجه كاتییه‌كان، گوتی، "پلانمان هه‌یه پێداچوونه‌وه به هه‌موو گه‌راجه‌كان بكه‌ین و گه‌راجی نوێ و مۆدێرن له شێوه‌ی باڵه‌خانه دروست بكرێن".
لای خۆیه‌وه زیاد كاكه ڕه‌زا جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، تا ئێسته ئه‌نجوومه‌ن و لیژنه‌ی شاره‌وانیی ئه‌نجوومه‌ن هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی كار و پڕۆژه و ئیش و داهات و به كرێدان و ته‌نده‌ره‌كانی شاره‌وانی سلێمانیه‌وه نییه، چه‌ندان جاریش داوای زانیاری و كۆبوونه‌وه‌یان كردووه، به‌ڵام به ده‌م داواكانیان نه‌هاتوون.
ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، "تا ئێسته ئاگادار نین له پێدانی كرێ و ته‌نده‌رینه‌كانی شاره‌وانی كه ساڵانه بۆ موڵكه‌كانی خۆی ده‌یانكات، پێویسته هه‌ر كارێكی شاره‌وانی بۆ به‌كرێدان یان فرۆشتن، به ته‌نده‌ر و ئاشكرا بێت، به‌ڵام نازانین داهاتی ئه‌و موڵكانه‌ی شاره‌وانی چه‌نده و بۆ كێ خه‌رج ده‌كرێت."
جێی باسه سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره زۆره زه‌وییه‌ی بۆ مه‌به‌ستی گه‌راج به كرێ دراون، هێشتا سلێمانی قه‌ره‌باڵغه و زیاد كاكه ره‌زا پێی وایه كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی سلێمانی، ته‌نیا به دروستكردنی شه‌قامی 100 مه‌تری ده‌بێت و دووپاتی كرده‌وه "بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی گه‌راجه‌كانی ناو شار، كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شاره‌وانی و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان كراوه، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك كۆبوونه‌وه كرا و دواتر نه‌هاتن به ده‌م كاره‌كه‌وه".
زیاتر له %95ی گه‌راجه‌كانی سلێمانی خۆڵن و له وه‌رزی زستان و باراندا ده‌بن به قوڕ و لیته، چاره‌سه‌ری لیژنه‌ی شاره‌وانیش ئه‌وه‌یه سه‌رجه‌میان بكرێن به كۆنكرێت و قیر و پێداچوونه‌وه به نرخه‌كانیش بكه‌ن.
وشه/ سلێمانی. هۆشیار عه‌لی