لە گوندی دڤری سەر بە شارەدێی دینارتە لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ، گەلییەكی جوان و سەرنجڕاكێش و دڵڕەفێن هەیە و بە گەلی سویلێ دەناسرێت، بە یەكێك لە جوانترین تاڤگەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، خەڵكێكی زۆر لە هەر چوار وەرز سەردانی دەكەن.
عەبدوڵا ئەلیاس سەرۆكی گرووپی شاخەوانی ئاكرێ و خەڵكی ناوچەكە بە"وشە"ی راگەیاند، تاڤگەی گەلی سویلێ یەكێكە لە سەرنجڕاكێشترین و گەورەترین تاڤگەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك كە بە شێوازێكی سروشتی لە چیایەك دەردەكەوێت.
ئەو دەڵێت "تاڤگەكە دەكەوێتە گوندی دڤری لە سنووری شارەدێی دینارتە، ئاوی ئەو تاڤگەیە بە شێوازێكی جوان و سەرنجڕاكێش دێتەخوارەوە، دەیان داری گەورە و جوان لە تەنیشت تاڤگەكە روواون و دیمەنی جوان بە ناوچەكە دەدەن، بارینی باران بەتایبەتی لە وەرزی پایز و بەهاردا دیمەنی جوانتر بە تاڤگەكە دەدەن، بەڵام لە وەرزی هاویندا ئاوی تاڤگەكە كەمتر دەبێتەوە."
بەرپرسی گرووپەكە لە درێژەی قسەكانیدا رای گەیاند كە تا ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەرووی گەشتوگوزارەوە كار و خزمەتی پێویست بەو تاڤگەیە نەكردووە .
تاڤگەكە زیاتر لە 30 مەتر بەرزە و ئاوێكی سازگار و ڕەنگ سپی هەیە، كاتێك لە بەرزایی دەڕژێتە خوارەوە و شنەبایەك دڵگیر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ژینگەكە هێندەی تر دەڕازێنێتەوە.
بەگوتەی بەرپرسەكە ئەگەر لایەنی پێوەندیدار خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەش بە تاڤگەكە بكات، ئەوا شایانیەتی خەڵكی زیاتر سەردانی بكەن و ببێتە سەرچاوەی داهات.
نیشتمان جبرائیل مامۆستای مێژوو لە گوندی دڤری بە "وشەی"ی راگەیاند، پێكهاتەی خەڵكی گوندی دڤری دەگەڕێتەوە بۆ میرنشینی دوستەك كە یەكێكە لەو گوندانەی بۆ شۆڕش و بەرخودان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستا ناوی هاتووە.
ئەو دەڵێت بەهۆی ستراتیجی و پێگەی دوستەك بەتایبەتی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، چەندان جار لەلایەن رژێمی بەعسەوە بووەتە ئامانج و بۆردمان كراوە، لانكەی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكان بووە. ژنانی دوستەك بە ژنانی خەباتكار و شۆڕشگێڕ دەناسرێن و شانبەشانی پێشمەرگە خەباتیان كردووە."
نزیكەی 150 خێزان لە گوندەكە نیشتەجێن.
دینارتە/ نەوزاد هلۆری