ئەوروپییەكان سەركەوتوو دەبن لە شكست پێهێنانی پلانی سەدە؟

:: PM:03:44:19/12/2018 ‌

چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا كۆشكی سپی ئەمەریكی پلانی ئاشتەوایی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل رابگەیەنێت، كە دۆناڵد ترەمپ هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رازیكردنی فەلەستینییەكان. بەڵام ئەوروپییەكان گورزێكی كوشندە لە پلانەكەی ترەمپ دەدەن و دەڵێن رازی نین ئەگەر بنەمای رێككەوتنی 1967 نەبێتە پێوەر و قودسیش نەكرێتە پایتەختی هاوبەش.

پلانی ئاشتەوایی ئەمەریكا بۆ فەلەستین و ئیسرائیل كارەكانی كۆتایی هاتووە و تەنیا پێویستی بە راگەیاندنی هەیە، بەڵام ئیدارەی كۆشكی سپی پلانی داناوە لە مانگی شوبات/ فێبرایەری داهاتوو رای بگەیەنێت و هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ گوشار خستنەسەر وڵاتانی عەرەبی تا فەلەستین بە پلانی ئاشتەوایی كە بە پلانی سەدە ناسێنراوە، رازی بكات، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی فەلەستین پلانەكەی ترەمپیان رەت كردەوە.

هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ رازیكردنی فەلەستین لە كاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەم 19ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، هەشت وڵاتی ئەوروپی هۆشدارینامەیەكیان راگەیاند.

هەریەكە لە وڵاتانی "فڕەنسا، ئەڵمانیا، سوید، بەریتانیا، بەلجیكا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، هۆڵەندا" لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا پێش بڵاوكردەوەی پلانەكەی ئەمەریكا كە جارید كۆشنەر گەورە راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ و زاوای ئامادەی كردووە. ئەوروپییەكان لە هۆشدارینامەكەیاندا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایان گەیاند، هەر پلانێك پێوەرەكانی رێككەوتن لەسەر چارەسەری كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆدەنگە لەسەری كە بنەماكەی سنووری 1967 و قودس پایتەختی هاوبەشی هەردوو وڵات دەبێت، ئەوا ئەو پلانە شكست دەهێنێت.

لە بەرانبەردا نیكی هیلی نوێنەری ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رای گەیاند، پلانەكەی ئەمەریكا تاوتوێی بۆ كراوە و بێبنەما نییە.

وڵاتانی ئەوروپی لە هۆشدارینامەكەیاندا دووپاتیان لە هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا كردەوە لە پابەندبوون بە پێوەرەكانی رێككەوتن لەسەركراو لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 هێما بۆ ئەوەش دەكەن كە یەكێتیی ئەوروپا باوەڕی بە چارەسەری كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل هەیە بە دروستكردنی دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای سنووری 1967 كە قودسی رۆژهەڵات دەبێتە پایتەختی دەوڵەتی فەلەستین و قودسی رۆژئاواش پایتەختی ئیسرائیل، بە جۆرێك پێویستییەكانی ئیسرائیل و فەلەستین لە رووی تەناهییەوە دەبێت دابین بكرێن و هەردوولاش دەبنە خاوەنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری.

هاوكات لە هۆشدارینامەكەدا ئاماژە بە كۆتاهاتنی داگیركاری هاتووە و دەبێت هەموو پرسەكان بەگوێرەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ژمارە 2334 وەك لە رێككەوتنەكەدا ئاماژەی پێ دراوە، ئەوەش خراوەتەوە ڕوو كە دامەزراندنی دوو دەوڵەت باشترین چارەسەرە كە لەسەر ئەرزی واقیع بتوانرێ جێبەجێ بكرێت بۆ كۆتاهاتن بە ململانێیەكانی نێوان هەردوولا و سەپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.

هەشت وڵاتەكەی یەكێتیی ئەوروپا دووپات لە بەردەوامی كاركردنی یەكێتیی ئەوروپا دەكاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل و فەلەستین و هاوپەیمانەكانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ سەپاندنی ئاشتەوایی لە ناوچەكەدا لەسەر بنەمایەكی سیاسی.

جێی بیرخستنەوەیە كە قودس گەورەترین لەمپەری چارەسەری كێشەی فەلەستین و ئیسرائیلە، ئەگەرچی ئەو پرسە بەپێی رێككەوتنی نێودەوڵەتی چارەسەر كراوە كە قودسی رۆژهەڵات دەبێتە پایتەختی فەلەستین، بەڵام ئیسرائیلییەكان پێان وایە قودس بە تەواوەتی خاكی ئەوانە و تەنانەت پایتەختی ئەوانە.

بەدەنگهاتنی وڵاتانی ئەوروپی لە كاتێكدایە دوێنێ سێشەم 18ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، نیكی هیلی نێردەی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە وڵاتەكەی بەمنزیكانە پلانەكەی ئاشكرا دەكات كە رێچارەی نوێی تێدایە بۆ چارەسەر و گفتوگۆكردن بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆجیای نوێ، بەڵام ئاماژەی بەهیچ زانیارییەك نەدا لەسەر ناوەڕۆكی پلانی ئەمەریكا.

هیلی كە قسەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكرد لەبارەی پلانی وڵاتەكەی، رای گەیاند كە خۆی پلانەكەی دیوە و پلانێكی زۆر درێژە و پڕە لە وردەكاری تاوتوێ بۆكراو، گوتی "دەبێت ددان بەوەدا بنێین تەواوی راستییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە".

هەوڵەكانی ترەمپ بۆ راگەیاندنی پلانێكی نوێ كە بە پلانی سەدە ناوی دەركردووە، لە كاتێكدایە فەلەستینییەكان تۆمەتباری دەكەن كە لاگیری بۆ ئیسرائیل، تەنانەت لایەنە فەلەستینییەكانیان بایكۆتی ئەمەریكایان كردووە لە مانگی دیسێمبەری ساڵی رابردوو كاتێك ترەمپ بڕیاری دا قودس بكرێتە پایتەختی ئیسرائیل و بەڵێنی گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەشی بۆ ئەو شارە راگەیاند، بەڵام فەلەستینییەكان بە كۆدەنگی دژی وەستانەوە.



وشە - فه‌رمان سادق