لە 2018 حەوت هەزار و 600 كەس بە رووداوی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی

:: PM:04:02:19/12/2018 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 19ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای زیقاڕ ئاماری رووداوەكانی هاتوچۆی ساڵی 2018ی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، زیاتر لە حەوت هەزار كەس بوونەتە قوربانی و بە بەراورد لەگەڵ 2017 ژمارەكە زیادی كردووە.

عەبدولحوسێن جابری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی زیقاڕ رای گەیاند، لە ساڵی 2018دا حەوت هەزار و 645 كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی.

روونی كردەوە بەهۆی زیاتر لە سەتان رووداوی بەریەككەوتنی ئۆتۆمبێل بەتایبەت لە رێیەكانی دەرەوە و رێیەكانی خێرا، 531 كەس گیانیان لە دەست داوە و حەوت هەزار و 114ی تریش بریندار بوونە كە بەشێكیان بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ ئیفلیج بوونە.

"زۆرترین رووداوەكانی هاتوچۆ كە تۆمار كراون لە رێیەكانی دەرەوە روویان داوە كە بەشی زۆریان كوشتنیان تێدا بووە". جابری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی زیقاڕ بە وەكالەت وای گوت، ئەوەشی خستەڕوو مردن لە رووداوەكانی هاتوچۆ لە ریزی پلەی یەكەم دێت لە سنووری زیقاڕ.

جێی باسە بەگوێرەی ئامارەكان فەرمانگەی تەندروستی زیقاڕ، لە ساڵی رابردوودا 2017، حەوت هەزار و 273 قوربانی تۆمار كراون بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ، لەم ژمارەیەشدا 448یان گیانی لە دەست داوە. بە بەراورد بە 2017 هەم ژمارەی برینداران و هەمیش ژمارەی ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە زیادی كردووە. 



وشە - فه‌رمان سادق