داعش 700 گیراو دەكوژێت

:: PM:04:19:19/12/2018 ‌
روانگەی مافەكانی مرۆڤ لە سووریا، رای گەیاند كە داعش 700 گیراوی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە سووریا كوشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی كانووی یەكەم/ دیسێمبەر، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد كە داعش لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 700 گیراوی كوشتووە لە رۆژهەڵاتی سووریا.

روونی كردەوە كە نزیكەی هەزار و 350 گیراو لە سڤیل و چەكدار، داعش لە ناوچەیەكی نزیك لە سنووری عێراق لە گرتووخانەیەكدا بەندی كردبوون.

كوشتنی ئەو 700 گیراوە، لە كاتێكدایە داعش تەنیا شارۆكەی هەجینی بەدەستەوە ماوە لە سووریا كە ئێستە هێزەكانی هەسەدە زۆر بە سەختی هێرشی دەكاتە سەر دوا مۆڵگەی داعش بە پاڵپشتی ئەمەریكا.

مەزڵووم كۆبانێ سەركردەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات رای گەیاند، نزیكەی پێنج هەزار چەكداری داعش لەناو هەجین ماون كە بەشی زۆریان چەكداری بیانین و ئامادەن شەڕ بكەن تا مردن.

جێی باسە داعش لە كۆتاییەكانی 2013 لە شاری رەقەی سووریا سەری هەڵدا، پاش ماوەیەكی كەم دەستی گرت بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی خاكی سووریا، پاشان لە حوزەیرانی 2014 لە رێی مووسڵەوە پەڕییەوە بۆ عێراق و دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرت.



وشە - فه‌رمان سادق