عێراق گرێبەستی هەڵكەندی 40 بیرە نەوتی نوێ واژوو دەكات

:: PM:05:11:19/12/2018 ‌
حكوومەتی عێراق ئاشكرای دەكات كە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای "شلمبرجر" واژوو كردووە بۆ هەڵكەندنی 40 بیرە نەوتی نوێ لە كێڵگەی نەوتی مەجنون لە پارێزگای بەسڕە.

سامر غەزبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری، ئەمڕۆ چوارشەم 19ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، رای گەیاند كە وەزارەتی نەوت بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و زیاد كردنی داهاتی وڵات، لە چوارچێوەی پلانی پێشخستنی كێڵگەی نەوتی مەجنون، كۆمپانیای نەوتی بەسڕە لەگەڵ كۆمپانیای شلمبرجر دوو گرێبەستی واژوو كردووە، یەكێكیان بۆ هەڵكەندنی 40 بیرە نەوتی نوێ و ئەوەی تریش بۆ ئەنجامدانی رووپێوێكی بوومەلەرزەیی سێ رەهەندی و دوو رەهەندی لەنێوان كۆمپانیای نەوتی بەسڕە و كۆمپانیاكانی تری گەڕان و دۆزینەوەی نەوت.

كۆمپانیای شلمبرجر، یەكێكە لە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە لە بواری خزمەتگوزارییە پتڕۆڵییەكان كار دەكات و نووسینگە و لقی لە 85 دەوڵەت لە دنیادا هەیە و زیاتر لە 150 هەزار كەس تێیدا كار دەكات، گرێبەستەكەیش دوای كشانەوەی كۆمپانیای شێڵ دێت كە كۆمپانیایەكی هاوبەشی بەریتانی هۆڵەندییە.

روونی كردەوە كە كێڵگەی نەوتی مەجنوون لە كێڵگە نەوتییە زەبەلاحەكانە و توانای بەرهەمهێنانی بڕێكی زۆری نەوتی هەیە و چاوەڕێ دەكرێت لە دوو دەیەی داهاتوودا بەرهەمەكەی زۆر زیاد بكات كە ئێستە كۆمپانیای نەوتی بەسڕە سەرپەرشتی دەكات دوای كشانەوەی كۆمپانیای نەوتی شێڵ لە بەجێ گەیاندنی پابەندییەكانی بۆ پێشخستنی كێڵگەكە.

ئەو گوتی "ئەنجامدانی رووپێوی سێ رەهەندی دەبێتە هۆی بەرچاو روونییەكی باشی بۆ كۆمپانیای نەوتی بەسڕە لەسەر كێڵگەی مەجنون و داتای ورد دەدەات بە دەستەوە لەسەر ئاستی بەرهەمی كێڵگەكە و توانای زیاد كردنی بەرهەم و دەرهێنانی نەوتەكەی بە باشترین شێوە و تەكنیكی نوێی جیۆلۆجی.

جێی باسە كێڵگەی مەجنوون لە كێڵگە زەبەلاحەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقییە كە ئێستە رۆژانە 240 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەیە، دەتوانرێت سێ جۆر نەوتی لێوە بەرهەم بهێنرێت ئەوانیش نەوتی سووك و نەوتی قورس و نەوتی مامناوەند.



وشە - فه‌رمان سادق