كۆمسیۆن هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئاشكرا دەكات

:: PM:05:13:19/12/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە عێراق، هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ هەمووار كردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان گەڕاندەوە و رای دەگەیەنێ بە هەمووار كردنەوەی یاسایەكە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش گۆڕانكاری تێدا دەكرێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، موعتەمەد موسەوی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی عێراق رای گەیاند، هەموواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمان كە ئێستە لیژنەی یاسایی كاری لەسەر دەكات، هۆكاری سەرەكی دواخستنی هەڵبژاردنە بۆ ئەو ئەنجوومەنانە.

روونی كردەوە، جگە لە هەموواری یاسایەكە، ئەوا سڕكردنی كاری ئەنجوومەنەكە بۆ ماوەی چوار مانگ كە بەهۆیەوە تەواوی رێكارەكان و خشتەی تایبەت بە ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان گۆڕانكارییان بەسەر هات، هۆكارێكی تر بوو لەوەی نەتوانرێت لە كاتی ئاسایی  و یاسایی خۆیدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

"یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تێبینی زۆری لایەنە سیاسییەكانی لەسەر هەبوو كە داوایان دەكرد هەموواری بكەنەوە، ئەمەیش هۆكار بوو بۆ دواكەوتنی هەڵبژاردنەكە" موعتەمەد وای گوت.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ دەبنەوە لە بارەی دەستنیشان كردنی كاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كۆمسیۆنیش خوێندنەوەیەكی گشتگیر و قووڵی لەبەر دەست دایە كە ئەوە پێوەندارە بە لایەنە دارایی و هونەرییەكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێشكەش بە سەرۆك وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی كاتێك دەستنیشان بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.



وشە - فه‌رمان سادق