ئەو حاڵەتە مەترسیدارانەی پێویستە ژنان ئاگەداری بن

:: PM:06:22:19/12/2018 ‌

بەهۆی سەرقاڵی بە كارەكانی ماڵ و كاردا، رەنگە زۆرێك لە ژنان تێبینی دیاركەوتنی چەند حاڵەتێك بەسەر خۆیاندا نەكەن كە لە راستیدا ئاماژەن بۆ كێشەی تەندروستی، بۆیە پێویستە ناوە ناوە ژنان سەردانی پزیشك بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە تووش نەبوونیان بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان كە سوودی هەیە بۆ رزگاركردنیان، لەوانە 90%ی ئەو ژنانەی لە قۆناغی زوو شێرپەنجەی مەمكیان لا ئاشكرا بووە رزگاریان بووە، بۆیە لە خوارەوە چەند حاڵەتێك باس دەكەین كە پێویستە ژنان ئاگەداریان بن:  

یەكەم/ زۆر میزكردن، تەنیا ئاماژەیەك نییە بۆ بوونی كێشە لە گورچیلە یان رێڕەوی میز، بەڵكو رەنگە ئاماژە بێت بۆ بوونی كێشەی هۆڕمۆنی یان بوونی بەكتریا لە ناوچەی زێ. بەڵام ئەگەر زۆر میزكردن تێنووێتی زۆری لەگەڵدا بێت، رەنگە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشی شەكرە.

دووەم/ لەدەستدانی بێ هۆكاری كێشی لەش، ئەگەر بێهۆكار و لە ماوەیەكی كورتدا كێشت لەدەست دا نابێت خۆشحاڵ بیت، چونكە رەنگە نیشانەی چەند نەخۆشییەك بیت لەوانە نەخۆشی كروون و شەكرە یان شێرپەنجە.

سێیەم/ زۆر گەشەكردنی موو لەسەر لەش، ئاماژەیەكە بۆ بوونی زۆرێك لە هۆڕمۆنەكانی نێرینە لە لەش، كە رەنگە هەر ئەو نیشانەی نەبێت و ببێتە هۆی نەزۆكی یان تووشبوون بە نەخۆشی كەموكوڕی لە میتابۆلیزم یان شێرپەنجەی مەمك یان كێشە لە ناوپۆشی منداڵدان.

چوارەم/ خوێنبەربوون لە دوای وەستانی سووڕی مانگانە، زۆرجار ژنان لە دوای گەیشتنیان بە تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە هەست بە بوونی خوێنبەربوون دەكەن، كە رەنگە ئاماژە بێت بۆ شێرپەنجەی منداڵدان یان هەوكردنی ملی منداڵدان یان لووی لووسە ماسووڵكەی ریشاڵی و نەخۆشیتری ترسناك.

پێنجەم/ گۆڕانكاری لە مەمك، ئاشكرابوونی نیشانە سەرەتاییەكانی شێرپەنجەی مەمەك زەحمەتە، رەنگە ئەو كاتە درەنگ كەوتبێت كە ئێش كەوتە مەمك و هەست بە بوونی گرێ لیمفییەكان كرا، بۆیە پێویستە ژنان ورد بن و تێبینی هەر گۆڕانكارییەك لە مەمك بكەن وەك ئێش یان سووربوونەوەی پێستەكەی، لەو كاتەی ئێشانی مەمك بەر لە سووڕی مانگانە شتێكی ئاساییە كە بەهۆی شێوانی هۆڕمۆنییەوە روو دەدات. 

شەشەم/ دەردراوی نامۆ، بوونی دەردراوی نامۆ نیشانەی ئەوەیە كە هەوكردن یان پەتا لەلەشدا هەیە.

حەوتەم/ درێژی ماوەی سووڕی مانگانە، رەنگە لەبەر هۆكاری ئاسایی دروست ببێت، وەك گۆڕانی كەشوهەوا یان زۆر وەرزشكردن، هاوكات رەنگە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشی مەترسیدار وەك بوونی لووی لووسە ماسوولكەی ریشاڵی و كێشە لە ناوپۆشی منداڵدانەوە.  
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل