دوای ئەوەی لە 24 تشرینی یەكەم 14 وەزیر و لە 18ی ئەم مانگەیش سێ وەزیری تری كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگیان پێ درا، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی بینا دووپاتی دەكاتەوە كە عەبدولمەهدی ناتوانێت لە دانیشتنی پێنجشەم تەواوكەری كابینەكەی بخاتە روو.
عودەی عەواد، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، گومانمان هەیە بەوەی عەبدولمەهدی بتوانێت لە دانیشتنی سبەی پێنجشەم تەواوكەری كابینەی حكوومەتەكەی بخاتە روو، چونكە ناكۆكییە سیاسییەكان لەبارەی ناوی كاندیدان تا ئێستەیش بەردەوامن.
زیاتر گوتی، گۆڕینی وەزیران بە دەستی عەبدولمەهدییە، بەڵام تا ئێستە هیچ زانیارییەكمان پێ نەگەیشتووە بەوەی ئەو هەوڵی گۆڕینی كاندیدانی پێنج وەزارەتی بەتاڵی حكوومەتەكەی دابێت.
دوێنێ سێشەم لە دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق لەسەر كاندیدانی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و رۆشنبیری و كۆچ و پلاندانان، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لە رۆژی پێنجشەم وەزیرانی كابینەكەی تەواو دەكرێن.