ترەمپ پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا رادەگەیەنێت

:: PM:07:14:19/12/2018 ‌

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە وڵاتەكەیان تاوتوێی پاشەكشەی هێزەكانی لە سووریا دەكات لە كۆتایی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ نەهێشتنی داعش لەو وڵاتەدا، دۆناڵد تەرمپ پاساو بۆ ئەگەری پاشەكشەكە دێنێتەوە و دەڵێت، نەهێشتنی داعش تاكە پاساوی مانەوەمان بوو لە سووریا.

ئەمڕۆ چەند بەرپرسێكی ئەمەریكا ئەو زانیاریەیان بە "رۆیتەرز" گەیاند و ئەگەر ئەوەیش راست بێت كۆتایی بۆ ئەگەرەكانی مانەوەی درێژخایەنی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر خاكی سووریا دادەنێت كە جیم ماتیس وەزیری بەرگری و گەورە بەرپرسانی تری ئەمەریكا بەرگریان لێ دەكرد بۆ رێگرتن لە نەگەڕانەوەی داعش.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەم لە تویتەر نووسیویەتی، لە سووریا بەسەر داعش سەركەوتین و ئەوەیش تاكە پاساوی بوونی هێزەكانمان بوو لە سووریا.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لەبارەی پلانەكانی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا گوتی، ئەمەریكا لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانی لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت، ئەوەیش دوای ئەوەی چەند میدیایەكی ئەمەریكایی لە واشنتن بڵاویان كردەوە كە واشنتن خۆی بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی لە سووریا ئامادە دەكات لە هەنگاوێكی لەناكاو كە رەنگە نیشانەی پرسیار بخاتە سەر رۆڵی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا.

لەو بارەوە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە بەرپرسێكی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا گواستەوە كە ئەوان پلان بۆ پاشەكشەكردنی تەواو بەپەلە بۆ هێزەكانیان دادەنێن، لەو كاتەی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دەڵێت، پاشەكشەكردنەكە لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەبێت.

ئێستە نزیكەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریكایی لە سووریادا هەن و پلانی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكایش گۆڕانكارییەكی كتوپڕە لە ستراتیجیەتی ئەمەریكا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری هێشتنەوەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا دا بۆ جەنگی داعش.

"وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دەڵێت، ئەو بڕیارە لە دوای پێوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت كە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر یەكینەكانی پاراستنی گەل كرد كە لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێن. هاوكات بەم دواییە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بوونی هێزەكانی ئەمەریكای بە نایاسایی دانا و بووەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی تەنگژەی سووریا.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل