دووپشكی عەربەت زانایانی بەریتانیا و ئەوروپا سەرسام دەكات

:: AM:08:44:24/12/2016 ‌


چەند توێژەر و پسپۆڕی بواری خشۆكەكان لە زانكۆكانی بەریتانیا و ئەڵمانیا، بۆ یەكەم جار توێژینەوە لەبارەی دووپشكەكانی ناوچەی عەربەت دەكەن، ئەوان سەرسوڕمانی بەرامبەر بە تایبەتمەندییەكانی ئەو دووپشكانە نیشان دەدەن كە لەو ناوچەیەدا هەن و بۆ یەكەم جار هەندێك لە ئەنجامە سەرەتایییەكان بۆ "وشە" ئاشكرا دەكەن.

لە ماوەی رابردوودا، تیمێك لە توێژەران و پسپۆڕانی بواری خشۆكەكان لە زانكۆكانی بەریتانیا و ئەڵمانیا گەیشتنە هەرێمی كوردستان، ئەوان لە چوارچێوەی كارەكانیاندا دەستیان بە گەڕان و پشكنین بە شوێن دووپشك لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كرد.
پڕۆفیسۆر گریس ویرنەر یەكێك لەو پسپۆڕە سكوتلەندییانەیە كە لە هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە لەسەر جۆرەكانی دووپشك دەكات. ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستان گەڕاوم بۆ دیاریكردنی توخم و جۆرەكانی دووپشك و چەندان قەبارە و شێوەی جیاوازم دۆزیوەتەوە". 
تیمەكە دووپشك لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كۆ دەكەنەوە، لە شووشەی تایبەت هەڵیان دەگرن و بۆ ناوەندەكانی توێژینەوە لە بەریتانیا و ئەڵمانیا دەیانگوازنەوە، بەڵام ئێستە ئەوان گەیشتوونەتە دووپشكی عەربەت و تووشی سەرسوڕمانی كردوون. پڕۆفیسۆرە سكۆتلەندییەكە دەڵێ‌، "ئەوەی لەبارەی دووپشكی عەربەت باسیان دەكرد، زۆر زیاترم بەچاوی خۆم بینی، دووپشكی ناوچەی عەربەت تایبەتە و رێژەی شیرینییەكەی لە ژەهردا یەكجار زۆرە".
عەربەت لەرووی كارگێڕییەوە شارەدێیەكی سەر بە پارێزگای سلێمانییە و بەدووری 27كم لە ناوەندی شاری سلێمانی هەڵكەوتووە. ئەو ناوچەیە لە باشووری كوردستاندا لە دێرزەمانەوە بە دووپشكی مەترسیدار ناسراوە و سەرچاوە نووسراوەكانی كورد لە پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە ئاماژە بە ترسناكی دووپشكی ناوچەی عەربەت دەكەن.
ویرنەر ئاشكرای كرد، "سێ‌ جۆر توخمم ئامادە كردووە و بۆ هەر جۆرێكیان 100 دانەم لای خۆم پاراستووە، كە پێویستە لێكۆڵینەوەی باشی لەسەر بكرێت، من دووپشكەكان بۆ ئەوروپا دەبەم بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانم. هیچ جۆرە دووپشكێكم نەبینیوە بە وەرزی زستان ڕێژەی ژەهرەكەی هێندە بەهێز بێت".
سارا ئیمری بەڕەگەز تورك و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری خشۆكەكان، ئەو یەكێك لە هاوكارە سەرەكییەكانی ویرنەرە و بە "وشە" دەڵێ‌، "دووپشكی عەربەت بەدوو شێوە مرۆڤ و دەوروبەرەكەی دەبینێت. تا ئێستە ئەوە تەنیا لە كتێبەكاندا هەبوو، بەڵام من راستییەكەم بە چاوی خۆم بینی، كاتێك دووپشكەكانم خستە ژێر تاقیكردنەوە".
ئیمری زیاتر دەڵێ‌، "خانەی پشتی ئەم دووپشكانە توانای بینینیان هەیە، من چاویلكەیەكی تایبەتم بۆ چەند دووپشكێك دانا، چاویان لە بینین كەوت، دواتر خستمە ژێر تیشكی سەرووی بنەوشەیی، دەستیان بە جووڵە كردەوە و ڕێڕەوی خۆیان زۆر بە ئاسانی ناسییەوە".
تیمەكە هەفتەی رابردوو بۆ ئەوروپا گەڕانەوە، بەڵام بەنیازن بۆ درێژەدان بە توێژینەوەكەیان لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو جارێكی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە، وەك ویرنەر دەڵێ‌، "دەبێت بزانین بێچووی ئەم دووپشكانە رێژەی شیرینی ژەهرەكەیان چەند دەبێت".



وشە - رامیار جەواد