خاڵی سەروین هاتە دەنگ

:: PM:02:28:24/12/2016 ‌

خاڵی سەروین، ئەو كچەی بەهۆی سووتانەوە گیانی لە دەست دا، لەبارەی ڕووداوی خوشكەزاكەی دێتە دەنگ و سەبووری خۆی دەداتەوە.

فەرزین كەریم سینەماكاری ناسراو كە خاڵی "سەروین نۆبەدار"ە، ئەو كچەی بە ڕووداوێك بەهۆی سووتانەوە گیانی لە دەست داوە و تۆمەتی سووتاندنەكە بەپێی زانیاریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دراوەتە پاڵ باوكی، لە نووسینێكدا كە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بە پێوەندیی بەهێزی نێوان خۆی و خوشكەزاكەی دەكات و هەندێ یادەوەریی نێوانیان دەگێڕێتەوە.

پێش ئەوەی دەقی نامەكە بڵاو بكەینەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بكرێ كە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، باوكی كچەكە دەگیرێ و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێ، بۆ ئەوەی تا ڕاستیی ڕووداوەكە دەزانرێ لە گرتووخانەدا بێت، ئەگەر پشتڕاست كرانەوە، بەپێی یاسا دادگایی دەكرێ.

ئەگەرچی تا ئێستە هیچ لایەنێكی فەرمی ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەكردووەتەوە، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەی جیاجیا بڵاو بووەتەوە.
سەرچاوەیەكیش لە ڕاگەیاندنی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كچە و براكەی كە سووتاون، پێوەندی بە باوكیانەوە نەبووە و خۆیان بەهۆی ڕووداوێكەوە سووتاون.

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەكەی "فەرزین كەریم"ە بۆ سەروین:
بۆ (سەروین)ی سووتماك! 
لە بیرتە، سەروین گیان! پێش سووتاندنت، دواجار كە تۆم بینی، باوەشت پێدا كردم و پێت گوتم: "خاڵ! هاوڕێیەكانم تۆیان لە مێگامۆل دیتووە، پێیان گوتوومە زۆر لە خاڵت دەچی!."
منیش بەپێكەنینەوە گوتم: "هەوڵ بدە بەعەقڵیش وەك خاڵت بیت.." 
بەڵام دوای ئەوەی جەستەی لە پەڕی گوڵت لە ئاگردا بووە خۆڵەمێش، پێت دەڵێم: شاجوانەكەم! وەك من و هیچ پیاوێك بیر مەكەوە.. چونكە تۆ فریشتەی، فریشتەكان دڕندە نین.. كەس ئازار نادەن و باڵی پەپوولە ناسووتێنن.. فریشتە لە جیاتی بۆنی بەنزین، بۆنی گوڵی لێ دێت.. لە بری دەنگی گڕ و ئاگرین، دەنگی ئاسمانی و دڵنەوایییە..
ئەرێ كچە نازدارەكەم! تۆ بەعەقڵی پیاو مەجووڵێ، چونكە پێكەنینی پیاو ناشیرینە، بەڵام هی تۆ وەك خۆت جوانە، وا دەكات دنیا بۆنی گوڵی لێ بێت..
سەروینی باڵابەرزم! تۆ بوویە خۆڵەمێش و ڕوحت هەڵكشا و بەرگەی ناشیرینییەكانی سەر زەویت نەگرت. منیش دوای هەڵكشانی تۆ خەریكە دادەكشێم، دەڕووخێم، دادەڕزێم.. ئێستە بەزەییم بە خۆمدا دێت و جێی بەزەیی پێداهاتنم.. ئایا دەزانی بۆچی هەناسەكەم؟.. چونكە لە سێزدەی ئەم مانگە، لە هۆڵێكدا كە كورسییەكی بەتاڵی تێدا نەمابوو؛ پڕ بوو لە دكتۆرا، ئاكادیمیست، چالاكان، نوخبە و ئەدیب و هونەرمەند، دوو سەعات باسی مێژوو، بیردۆز و فەلسەفەی فیمنیست و پرسی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان كرد.. تێر قسەی زل و گەورەم كرد.. بەڵام.. بەڵام داخی گرانم! دوای دوو ڕۆژ تۆی خوارزا و كچە شیرینم توندوتیژیت بەرامبەر كرا و بوویتە سووتماك.. منیش بە كردەوە هیچم پێ نەكرا، تەنیا لەبەر جوانی، پاكی و ژیرییەكەت تا ڕۆژی مردنت هەشت ڕۆژ نەخەوتم، ڕاستییەكەی نەمتوانی بخەوم.. تەنیا پێم كرا خۆم ئازار بدەم و لە نەخۆشخانە فرمێسكی خوێن بڕێژم، تا هەست بە ئازاری تۆ بكەم ئەی جوانترین كچی زانكۆی ئیشق...
بۆیە سەروین گیان! تۆ نابێت وەك عەقڵی پیاو بجووڵێیەوە.. تۆ ئەگەر بە جەستەش لامان نەبی، ئەوا بەڵێن بدە كە ڕۆحە پاكەكەت، وەك خۆت و ژنانە بیر بكاتەوە و مێیانەش بجووڵێتەوە..
بەڵێ.. بە ڕاستی من جێی بەزەییم سەروین گیان.. من زۆر گوناحم.... زۆر...





وشە - كوردۆ شابان