سوننە و شیعە بۆ ئاشتەوایی کۆ دەبنەوە

:: PM:09:53:24/12/2016 ‌
هێزە سوننەکانی عێراق دووپاتی دەکەنەوە کە یەکلاکردنەوەی سیاسی لە عێراق ناکرێت لەسەر بنەمایەکی تایفی بێت، بەڵکو پێویستە ستراتیجییەتێکی نوێ لەخۆ بگرێت کە هاوبەشانی پرۆسەی سیاسی دڵنیابکاتەوە و خاڵە گرنگەکانی ئاشتەوایی نیشتیمان دووپات بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان ناوەندی ئەم هەفتەیە لەگەڵ لایەنی شیعە کۆ دەبنەوە.

رەعد دەهلەکی پەرلەمانتاری سوننە لەو بارەوە رای گەیاند کە دووشەم نوێنەرانی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان (سوننە) و هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) بۆ باسکردنی پڕۆژەی ئاشتەوایی سیاسی و بنەماکانی کۆ دەبنەوە و دووپاتی کردەوە کە نابێت پڕۆژەکە لەسەر بنەمایەکی تایفی بنیات بنرێت، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی ستراتیجی دڵنیاکار بۆ هەمووان.

لای خۆیەوە حەبیب تەرفی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتیمانی رای گەیاند کە پڕۆژەکە هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی راست رەفتاریان کردووە جا ئەگەر ناکیش بووبن لەگەڵ بۆچوونی ئێمەدا، واتە ئەوانە ناگرێتەوە کە دەستیان بەخوێنی عێراقییەکان سوورە یان بەعسییەکان و داواکراوان بۆ دادگە یان پاڵپشتیکاران بۆ تیرۆر. 

زیاتر گوتی، پڕۆژەکە بۆ قۆناغی دوای داعشە، بەڵام بانگێشتن بۆ بەشداریکردن پێشکەشی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان و پێکهاتەکانی تریش کراوە بۆ باسکردنی ئەو بابەتە، ئەو ئاماژەی بۆ گرنگی ئەو پرسە کردەوە لەئەگەری دەرکەوتنی خراپتر لە داعش ئەگەر دۆخی عێراق بۆ ئەو قۆناغە چارەسەر نەکرێت. 

لە تشرینی یەکەمی رابردوو عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چیای زەرتک رای گەیاند کە هاوپەیمانیەتییەکەی پڕۆژەیەکی فرەوان و مێژوویی بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسی لە عێراق بۆ قۆناغی دوای داعش و جەنگی مووسڵ بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستەوەیە.

سەرچاوە: مەدا پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل