شاناز برایم ئەحمەد سەروەت و سامانێكی خەیاڵی كۆ كردووەتەوە

:: PM:02:53:29/12/2018 ‌
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە "نایاسایی" سەروەت و سامانێكی زۆری كۆ كردووەتەوە و بەردەوامیشە لە كۆكردنەوە، ئەو ئەگەرچی بەردەوام باس لە گەندەڵی و بەهەدەردان دەكات، بەڵام لیستی سەروەت و سامان و موڵكەكانی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم سەرسوڕهێنەرن.

شاناز برایم ئەحمەد، خوشكی هێرۆ برایم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە و خێزانی لەتیفی شێخ جەمالی خەزێنەیە، ئەگەرچی لەناو یەكێتی هیچ كات پۆستێكی زۆر باڵای نەبووە، بەڵام جگە لەوەی خانەنشینە بە پلەی عەمید، هاوكات لەگەڵ مێردەكەی كە چەند جارێك پۆستی وەزاری و حزبی وەرگرتووە، ماڵ و موڵكێكی زۆریان كۆ كردووەتەوە و سەرچاوەیەكی ناو یەكێتیش دەڵێت، سەروەت و سامانی شاناز خان خەیاڵییە.

لەبەرئەوەی شاناز بەردەوام لە دەرەوەی وڵات بووە و هاوكات دەموچاوێكی لەپێشەوەی یەكێتی نەبووە، بۆیە هەرچی كردووە زۆر سەرنجی نەچووەتە سەر و كارەكانیشی زۆر بە نهێنی كردووە، بەڵام لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی و گەڕانەوەی بۆ كوردستان، لەگەڵ مێردەكەیدا هەندێ زانیاری لەبارەی سەروەت و سامانەكەیان لەگەڵ مێردەكەی دزەیان كردووە.

بەشێك لە موڵكەكانی لە ناوخۆ و دەرەوە
یەكەم: پارچە زەوییەك لە بەریتانیا لە ڕێی فڕۆكەخانەی "گاتویك" كە نرخەكەی پێنج ملیۆن پاوەندە.

دووەم: خانوویەك لە بەغدا بەناوی شێخ لەتیفی هاوسەری كە بایی 25 ملیۆن دۆلارە، خانووەكە پێش ڕووخانی ڕژێم موڵكی دەوڵەت بوو، بەڵام كە سەدام لەناو برا، لەتیفی شێخ جەمالی خەزێنە كە هاوسەری شانازە و ئەوكات وەزیر بوو، فرسەتی هێنا و داگیری كرد، ئێستە ئەو خانووە دراوە بە باڵوێزخانەی كوێت لە بەغدا بە كرێی مانگانەی پێنج دەفتەر دۆلار.

سێیەم: ڤێلایەك لە لەندەن بایی 25 ملیۆن پاوەند، وەك شێخ لەتیفی هاوسەری باسی كردووە، دەیان توالێت و حەمام و ژووری نووستنی زۆری تێدایە و دیپلۆماتكارێك چووەتە ماڵی و سەری سوڕماوە و دەڵێ، چوومەتە ماڵی مەلیكی زۆربەی وڵاتانی كەنداو ماڵی هیچ كامیانم وەك ماڵەكەی لەتیف ڕەشید نەبینی.

چوارەم: 10 تا 12 دۆنم زەویی لە سلێمانی/دەباشان داگیر كردووە و كردوویەتی بە ناوی خۆیەوە.

پێنجەم: چەندان دۆنم زەویی تریان لە گۆیژە بە ناوی خۆی و شێخ لەتیف و منداڵەكانی داگیر كردووە.

شەشەم: ئاسۆسی كوڕی لە ناوچەی  نایسبریدج كە گرانبەهاترین شوێنی دنیایە شوقەی هەیە، تەنیا ملیاردێرەكان دەتوانن لەو شوێنە شوقەیان هەبێت.

حەوتەم: دوو فلات لە كۆمەڵگەی "بەهاران" هەردووكیان لێك دراوە و نرخەكەیان بە چەند ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

هەشتەم: شوقەیەكی تر لە فاڕووق گرووپ نرخەكەی نازانرێت.

نۆیەم: هەریەك لە منداڵەكانی شاناز "ئاسۆس، زاگرۆس، سارا" لە ئینگلتەرا هەریەكەیان خانوو و ئۆتۆمبێل و موڵكی تایبەتی خۆیان هەیە.

دەیەم: لە سلێمانی و شوێنی تر چەندان دۆنم زەوی و باخچە و مۆڵ و موڵكی داگیركراویان هەیە.

یازدەیەم: بەشێكی زۆری پارەی یەكێتی كە لە سەردەمی شۆڕشەوە بۆ شێخ لەتیفی هاوسەری شاناز هاتووەتە ناردن، بە ددانپێدانانی فوئاد مەعسووم و پێشتریش كەمال فوئاد تا ئێستە نازانرێت ئەو پارانە چەندە و چیی بەسەر هاتووە.

دوازدەیەم: دوای نەخۆشیی مام جەلال باڵەخانەیەكی پێنج نهۆمییان كڕی لە شوێنێكی بەناوبانگی لەندەن لەسەر ڕووباری تایمز، بە حیساب بۆ ناوەندی دەرەوەی یەكێتییە، بەڵام ئەو باڵەخانەیە بە ناوی شانازەوەیە.

سیانزەیەم: سیتی سەنتەری بە ١٢٧ ملێون دۆلار كڕیوە.

چواردەیەم: شاری دایك-ی لە مەلا یاسین خاوەنی کۆمپانیای بەڕێز كڕییەوە هەر بە هەیكەلی بە ٣٨٨ ملیۆن دۆلار.

پانزەیەم: خاوەنی ماكسی مۆڵی سلێمانییە بە هوتێلەكەیشیەوە.

شانزەیەم: نیو بەشی هوتێل تایتانیكی سلێمانی هی ئەوە.

حەڤدەیەم: كۆمپانیای (ئەسێ) بۆ بازرگانی هەمووی هی خۆیەتی.

هەژدەیەم: هۆتێل (های كریست) لە بەكرەجۆ نیوەی هی ئەوە.

نۆزدەیەم: لە بەرزاییەكانی قەیوان چەند باڵەخانەیەكی كڕیوە.

بیستەم: لە بناری گۆیژە تا كوردسات، سەدان دۆنمی داگیر كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناو یەكێتی كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شاناز برایم ئەحمەد لەناو یەكێتی سەروەت و سامانێكی خەیاڵی كۆ كردووەتەوە و لەبەرئەوەی خوشكی هێرۆ خان و زۆر پۆستی گرنگی نییە، بۆیە نەكەوتووەتە بەر سەرنج و پێی نەگوتراوە ئەو ماڵ و موڵكەت لە كوێ پێكەوە ناوە.

ددانی بەوەیشدا نا، "بە دیاریكراوی هیچ كەس نازانێت شاناز برایم ئەحمەد سەروەتەكەی چەندە، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە نیوەی ئەو نەوتەی كەركووك كە بە تانكەر دەگوازرێتەوە، بۆ شانازە و پارەكەی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە."

شاناز برایم ئەحمەد یەكێك بووە لەوانەی لە ڕێی نووسینەكانیەوە ناڕەزایی و گلەیی لە بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە هەبووە و بەردەوام ڕەخنەی گرتووە، بەڵام خۆی یەكێكە لەوانەی تا دەتوانێ هەوڵی بەدەستهێنانی زیاتری سەروەت دەدات و زۆرینەشی ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم دەكات.

"وشه‌" وێنه‌ى به‌شێك له‌ موڵكه‌كانى له‌ سلێمانى بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

وشە/ سلێمانی- تایبەت






















وشە - تایبه‌ت