ئابووریناسان: بە رێككەوتنی حزبەكان دۆخی ئابووری كوردستان باشتر دەبێت

:: AM:08:58:25/12/2016 ‌

نزیكەی سێ ساڵە دۆخێكی خراپی دارایی و ئابووری بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و هێشتا بەری نەداوە. ئەگەر لە وڵاتانی دنیا هۆكارێكی دیاریكراو كاریگەری بخاتە سەر تێكدانی دۆخی ئابووری و دارایییان، ئەوا لە كوردستان هۆكارەكان فرەن و هەر كامێكیان رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕن لە قووڵتركردنەوەی تەنگژەكە. ئابووریناسان دەڵێن  ئەگەر حزبەكانی كوردستان لە گەڕی ئەم جارەی گفتوگۆكان رێك بكەون، ئەوا دۆخی ئابووریش باشتر دەبێت.

بڕینی بودجەی كوردستان لە لایەن بەغداوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، دابەزینی نرخی نەوت لە كۆتای ساڵەكە، سەرهەڵدانی داعش و تێكچوونی دۆخی تەناهیی ناوچەكە، هاتنی شەپۆلی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان و كشانەوەی زۆرێك لە وەبەرهێنەرەكان لە كوردستان و ناكۆكی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هۆكارگەلێكن وایان كرد هەرێمی كوردستان تووشی ئەو تەنگژەیە بێت كە هێشتا خەڵكەكەی بە دەستییەوە دەناڵێنێت.

یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی كە لەو دۆخە خراپە دارایییەدا پشكێكی بەرچاوی بەردەكەوێت، ئەو ناكۆكیییە ناوخۆیییانە بووە كە لە هەرێمی كوردستان لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا سەری هەڵداوە. پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە ناسەقامگیری سیاسی بێ متمانەیی لێ دەكەوێتەوە و ئەمەش كاریگەری خراپی بۆ سەر هەموو كەرتەكان بەتایبەتی كەرتی ئابووری دەبێت.

دلێر مەحموود بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا بۆ "وشە" روونی كردەوە، تێكچوونی پێوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان وای كرد كەس ئاگای لە كەس نەمێنێت. راستە داعش و دابەزینی نرخی نەوت و كێشەكانی تر كاریگەرییە سەرەكییەكە بوون، بەڵام خۆ ئەگەر هەموو لایەنەكان یەكگرتوو بوونایە و بەیەكەوە هەنگاوی گونجاویان بۆ چارەسەری هاویشتبایە، بە دڵنیایییەوە دۆخی ئابووری لەوەی ئێستە هەیە زۆر باشتر دەبوو.

لە ساڵەكانی 2014,2015,2016 لە هەرێمی كوردستان هیچ پڕۆژەیەكی بودجە پەسند نەكراوە، بۆیە ئەو شارەزایەی بواری ئابووری دەڵێت، "كاتێك هیچ یاسایەكی بودجە نەبێت، پەرلەمان چۆن دەتوانێت بەدواداچوون بۆ خەرجییەكانی حكوومەت بكات، لەوەی پارەی بۆ چ شتێك خەرج كردووە. كاتێك هیچ چاودێرییەكیش نەبوو، ئەوا دەرگە كراوەتر دەبێت بۆ گەندەڵی. جگەلەمە خۆ پەرلەمانیش نییە تا لێپێچینەوە لە وەزیرێك یان بەرپرسێك بكات. ئەگەر یاسای رێكوپێك دەرنەكرێت لەسەر پرسە ئابوورییەكان، ئەوا ئابووریش تووشی كێشە دەبێت."

پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەری كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و ئەگەریش لایەنەكان بە نیازێكی نیشتیمانپەروەرانە لە یەكتر نزیك بكەونەوە و دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە، ئەوا بە بۆچوونی دلێر مەحموود، كاریگەریی زۆری دەبێت بۆ سەر دۆخی ئابووریی كوردستان.

سەقامگیری سیاسی گرنگترین كۆڵەكەی ئابوورییە و بەگوتەی ئەو شارەزایە ئەگەر وڵات سەقامگیر بێت و خەڵك ترسی نەبێت لەوەی سەرمایەكەی نافەوتێت، ئەوا لە ناوخۆ وەبەرهێنان دەكات و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ ناچار نابن سەرمایەكانیان بۆ دەرەوە بگوازنەوە، جگەلەمە تەنانەت وەبەرهێنەری بیانیش لە شوێنێك وەبەرهێنان دەكات سەقامگیری سیاسی هەبێت. جگەلەمە ئەگەر پەرلەمان ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و حكوومەتیش بە مانای وشە فەرمانڕەوا بێت، ئەوا خەڵكیش بە ئارامی و بێ ترس كارەكانی خۆیان دەكەن و كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و سەرجەم كەرتەكانی تر بە جووڵە دەكەون كە دواجار خەڵك و حكوومەت هەموویان تیایدا سوودمەند دەبن.

سەرمایە لە دۆخی سەقامگیریدا گەشە دەكات، لە كاتی ناسەقامگیریشدا پاشەكشە دەكات. دكتۆر محەمەد سەلمان پسپۆڕی ئابووری بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، متمانەی سیاسی لاواز كردووە و كاریگەریی خراپی خستووەتە سەر هەموو كەرتە جیاوازەكان بەتایبەتی كەرتی ئابووری.

ئەو ئاماژە بە گوتەیەكی نووسەری ئەڵمانی دالتۆن دەكات كە پێی وایە سیاسەت و ئابووری دوو ڕووی دراوێكن و دروستبوونی كێشە و ناكۆكی لەسەر یەكێكیان، كاریگەری لەسەر ئەوەی تر هەیە.

لەبارەی ئەو هەنگاوانەی لە نێوان حزبە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە دەستی پێ كردووە، دكتۆر محەمەد سەلمان دەڵێت، "ئەو هەنگاوانەی نراون ئەگەر رژد بن، بە دڵنیایییەوە كاریگەری بۆ سەر ئابووریش دەبێت، چونكە كاتێك ئاراستەی گفتوگۆكان باش بوون، ئەوا خەڵكیش زیاتر هەست بە ئارامی دەكات و متمانەش بەرز دەبێتەوە و لەوكاتەشدا بە شێوەی كورتخایەن كاریگەری دەخاتە سەر بازاڕ و كار."



وشە - سلێمان تاشان