كارەبا هەر بەشی سووتاندنی ئامێرە كارەبایییەكان دەكات

:: AM:10:31:25/12/2016 ‌
 
بەهۆی كوژاندنەوە و هاتنەوەی كتوپڕی كارەبای نیشتمانی، زۆرێك لە ئامێرە كارەبایییەكانی ماڵان دەسووتێن و تێك دەچن، هاووڵاتییان رووبەڕووی زیان بوونەتەوە و بەرپرسانی كارەبا دووپات لەوە دەكەنەوە بەهۆی زۆری كێشەكانی كارەباوە، ناتوانن خشتەیەك بۆ ماوەكانی پێدانی كارەبا دیاری بكەن. 

لەگەڵ كەمبوونەوەی ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی، ئەمساڵ كارەبای سلێمانی كێشەیەكی تری رووبەڕووی هاووڵاتییان كردەوە، كارەبا لە پڕ دەپچڕێت و دێتەوە، بەوەش ئامێرە كارەبایییەكان دەسووتێن و تێك دەچن.

ئەحمەد محەمەد، خاوەنی یەكێك لە پێشانگەكانی سلێمانی بۆ فرۆشتنی ئامێرە كارەبایییەكان روونی دەكاتەوە، دوو جۆر ئامێری كارەبایی وەك تەلەڤزیۆن، جلشۆر، بەڕاد و بەفرگر و سەلاجە لە بازاڕەكاندا هەیە، جۆرێكیان كوالێتییان باشە و گرەنتییان لەگەڵە، جۆرێكی تر گرەنتییان لەگەڵ نییە، بەڵام وەك بە "وشە" دەڵێ‌، "بەهۆی ئەوەی ئەو ئامێرانەی كوالێتییان نزمە و گرەنتییان نییە، نرخیان هەرزانترە، خەڵك خواستی لەسەریان هەیە".

ئەو خاوەن پیشەنگەیەی ئامێرە كارەبایییەكان روونی دەكاتەوە، ئامێرە كوالێتی نزمەكان زووتر تێك دەچن و دەسووتێن، بەتایبەت ئەگەر ڤۆڵتییەی كارەبا بەرز و نزمی تێبكەوێت.



نەبەز حوسێن، وەستای چاككردنەوە جلشۆر و سەلاجە لە سلێمانی بۆ "وشە" دەڵێ‌، "لەو رۆژانەی دواییدا، ژمارەیەكی زۆر لە ئامێرەكانی وەك جلشۆر و سەلاجەیان بۆ هێناوین بەمەبەستی چاككردنەوە، وەستاكانمان بە چاككردنەوە راناگەن، ئەوەش لەبەر خراپی كارەبا روو دەدات، كارەبا لە پڕ دەكوژێتەوە یان بەرز و نزم دەبێت و ئامێرە كارەبایییەكان بەو هۆیەوە دەسووتێن یان تێك دەچن".

ئازاد محێدین، وەستای چاككردنەوەی تەلەڤزیۆن بۆ "وشە" ئاماژەی دا، "هەموو ئەو تەلەڤزیۆیانەی لەو ماوەیەدا تێك چوون و بۆ لای ئێمە هێنراون، بەهۆی بەرزی و نزمی ڤۆڵتییەی كارەبا و كوژانەوەی لەناكاوی كارەبا تێك چوون".

لای خۆیەوە سالار حیسامەدین بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئەمساڵ كێشەیەكی زۆری كارەبامان هەیە، هەر لە ڕووی نەبوونی پارە و پێویستی كارەبا، تا دەگاتە دوایی".

لەپاڵ نەبوونی پێداویستی بۆ چاككردنەوەی ئەو بەشانەی كارەبا كە كێشەیان تێدەكەوێت، نادیاری خشتەی پێدانی كارەبای نیشتمانی كێشەیەكی ترە كە بەو هۆیەوە كارەبا لەپڕ دەكوژێنەوە و زیان بە ئامێرە كارەبایییەكانی ماڵان دەگەیەنێت.

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی روونی كردەوە، "ئەمساڵ نەمانتوانی خشتەی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان ڕابگەیەنین، تەنیا ئامانجمان ئەوەبوو ئەو كارەبایەی هەیە بیدەینە هاووڵاتییان و دواتریش لە ڕێگەی مۆلیدەكانەوە كارەبا بدرێتە هاووڵاتییان".

زیاتر دەڵێ‌، "ئۆڤەر لۆدێكی زۆر لەسەر كارەبا هەیە و قاتعەكانمان زوو زوو دەسووتێن و كێشەیان هەیە، ناچار سەرە محاویلەمان داناوە و جار هەیە بەهۆی كێشەیەكەوە سێ ڕۆژ كارەبای گەڕەكێك نابێت، ئەگەر محاویلەی بسووتێت زیاتریش دەبێت، لە ماوەی 15 ڕۆژدا 50 محاویلەمان سووتاوە كە بە سەرجەمی بای 500 هەزار دۆلارە".

وەك بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی ئاماژەی بۆ دەكات، ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی دیار نییە، بەڵام لە هەر 24 سەعاتدا، 6-8 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێت، بەڵام لەو ماوەیەدا روون نییە چەند جار دێتەوە و دەكوژێتەوە و لەگەڵ هەر كەڕەت كوژانەوە و هاتنەوەیەكدا، چەند ئامێری كارەبایی دەسووتێنێت.

وشە/ سلێمانی- هۆشیار عەلی


وشە - تایبه‌ت