پێش ئاداری 2017 كۆتا بە دابەشكردنی نیوە مووچەی ساڵی 2016ی فەرمانبەران دێت

:: AM:11:34:25/12/2016 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی خۆی بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی پێش كۆتاهاتنی ساڵ، نیوە مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی دابەش بكات. ئەگەر ئەو هەنگاوە سەركەوتوو بێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە قەرزێكی كەڵەكەبووی نزیك بە هەشت ملیار دۆلاری مووچەخۆرانی، پێشوازی لە ساڵی نوێی زاینی دەكات.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە سیستەمی پاشەكەوتكردن مووچەی دابەش كردووە و تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، حكوومەت نیوە مووچەی نۆ مانگی فەرمانبەران و مووچەی تەواوی سێ مانگی فەرمانبەران لە ساڵی 2016دا قەرزدارە.

بەگوێرەی دوایین زانیاری، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە پێش كۆتاهاتنی ئەمساڵ، مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی دابەش بكات، هەر بۆیە رۆژی دووشەم وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم وەزارەتەكان كرد لیستی مووچەكانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی بكەن تا دەست بە دابەشكردنی مووچەكانیان بكرێت.

بەگوتەی دكتۆر شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، حكوومەت پێویستی بە 430 ملیۆن دۆلار هەیە تا نیوە مووچەی مانگێكی فەرمانبەرانی بدات و مانگانەش 320 ملیۆن دۆلاریان بۆ پاشەكەوت دەكات. 



ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین پێش كۆتاهاتنی ساڵ، حكوومەت مووچەی مانگی 10 دابەش بكات، ئەوا حكوومەت لە مووچەی پاشەكەوتكراوی 10 مانگەكە سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلار قەرزداری فەرمانبەرانی دەبێت و بە ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری دوو مانگی كۆتای ساڵیش، قەرزی كەڵەكەكراوی دەگاتە چوار ملیار و 700 ملیۆن دۆلار. خۆ مووچەی چوار مانگی ساڵی 2015ی فەرمانبەرانیشی نەداوە كە دەكاتە نزیكەی سێ ملیار دۆلار و بە گشتی قەرزەكە دەگاتە حەوت ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

گەمارۆ دارایییەكانی بەغدا لە سەرەتای ساڵی 2014 و دواتر دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، دەستپێكردنی شەڕی داعش و هاتنی سەدان هەزار ئاوارە، دۆخی هەرێمی كوردستانیان لەرووی ئابوورییەوە شڵەژاند. 

سەرەتای ئەمساڵ حكوومەت بەخستنەڕووی سیستەمێكی نوێ، بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەران و پلەباڵاكان بە رێژەی 15 تا 70% كەم  بكاتەوە. دكتۆر شێركۆ جەودەت بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە هەرشتێك لەسەر گەڕانەوەی قەرز و توانای حكوومەت بگوترێت خەمڵاندنە، چونكە حیسابات نادیارە، داهات دیار نییە و شتێك نییە دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ بكات. 

هیچ كاتێك حكوومەتی هەرێم لە كاتی دیاریكراودا مووچەی مانگانەی دابەش نەكرد و دەبوو ئێستە ئامادەكاری كردبایە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 12 دابین بكات، لە كاتێكدا مووچەی مانگی 10ی نەداوە و ئەوەش ئەمە دەردەخات حكوومەت لە باشترین ئەگەردا بەر لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، كۆتا بە دابەشكردنی نیوە مووچەی ساڵی 2016ی فەرمانبەرانی هەرێمی كورستان دێنێت و پێدانی مووچەی یەكەم مانگی ساڵی 2017 لەوانەیە بكەوێتە نەورۆزی داهاتوو.

ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئەوەیە هەرچەند داهاتی نەوت بەرز دەبێتەوە، دیسان بەشی نیوە مووچەی فەرمانبەران ناكات. دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە ئەویش ئاگاداری هیچ شتێك نییە و ناتوانێت قسە لەسەر پرسی مووچە و نەوت بكات، چونكە لەوكاتەوە پەرلەمان پەكی كەوتووە، بۆ یەك جاریش لیژنەكەیان كۆ نەبووەتەوە تا ئەو پرسە تاوتوێ بكەن.
باری قەرزی حكوومەت رۆژ بەڕۆژ قورستر دەبێت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتیش بەردەوام پێداگری لەوە كردووە مووچەی فەرمانبەران نافەوتێت.

 دكتۆر ئەیووب سماقەیی پسپۆڕی دارایی گشتی بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە حكوومەت دەتوانێت لە رێگەی جیاواز قەرزەكە بداتەوە. بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت، قەرزی دەرەكی، قازانج لە رێگەی وەبەرهێنان، چەند رێگەیەكن و رێگەی تریش هەیە كە تایبەتە بە دەوڵەتان ئەویش بریتییە لە دەركردنی سەنەد و دراوی نوێ.



بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، حكوومەت ئەگەر پارەشی بێتە دەست، ئەوا بە یەك جار نایداتەوە و لەوانەیە بەچەندان قیست بیداتەوە و لەو كاتەشدا كاریگەریی زۆر خراپ لەسەر بازاڕ و كەرتی ئابووری دانانێت، بەڵكو كاریگەرییە ئەرێنییەكانی زۆر زیاتر دەبێت و بازاڕ بە جووڵە دەخات.

سماقەیی پێی وایە ئەگەر سیستەمی بایۆمەتری فەرمانبەرانیش تەواو بوو و بە شێوەی گونجاو سوودی لێ وەرگیرا، حكوومەت دەتوانێت كۆمەڵێك كێشە چارەسەر بكات بێ ئەوەی سیولەیەكی زۆر بخرێتە بازاڕەوە.


وشە - سلێمان تاشان