بەرشەلۆنە جێگرەوەی ڤالڤێردی دیاری كردووە

:: PM:01:49:02/01/2019 ‌

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی باشترین جێگرەوەیان بۆ راهێنەرایەتیكردنی یانەكەیان دۆزیوەتە لە ئەگەری بڕیاری جێهێشتنی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.

ڤالڤێردی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی دێت و تا ئێستاش ئەگەری مانەوەی لە وەرزی داهاتوو دیار نییە.

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە پیپ سێگیرای بەڕێوەبەری وەرزشی یانەكەی راسپاردووە كار لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ڤالڤێردی بكات، هەروەها راشی سپاردووە هەوڵی دۆزینەوەی باشترین جێگرەوە بدات لە ئەگەری رۆیشتنی راهێنەرەكە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: سێگیرا پێیوایە لە ئەگەری رۆیشتنی ڤالڤێردی باشترین راهێنەر بۆ شوێنەكەی كیكی سوتینی راهێنەری ئێستای یانەی ریال بیتیسی ئیسپانییە.

بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە پێیوایە شێوازی یاریكردنی هێرشبەری كیكی زۆر لە شێوازی یانەی بەرشەلۆنە دەچێت كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەوی كردووە.

كیكی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا لە گەڕی 12 لەنێو یاریگەی كامپ نوو توانیبووی بە ئەنجامی 3-4 گۆڵ لە یانەی بەرشەلۆنە بباتەوە.

رۆژنامە ئیسپانییەكە جەختیشی كردەوە كە گرێبەستكردن كیكی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بەشێوەی كاتی دەبێت، چونكە یانەكە بڕیاریداوە كار لەسەر ئەستێرەكەی پێشووی چاڤی هێرناندێز بكات و بەشداریی خولەكانی راهێنەرایەتی پێ بكات بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا بیكاتە راهێنەری تیپەكەیان.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م