كەسوكاری ئەو منداڵەی لاهوور گرتوویەتی زانیاری نوێ‌ دەدەن بە "وشە".. لاهوور ڕقی لەو منداڵەیشە

:: PM:04:02:02/01/2019 ‌
ئەو منداڵەی كە ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن دەزگای زانیاریی یەكێتی و هێزێكی دژەتیرۆری ئەو حزبە بە بڕیاری لاهوور جەنگی گیراوە، تا ئێستە ئازاد نەكراوە و كەسوكاری منداڵەكەیش دەڵێن، هەڵۆ هاوڕێی لاهوور بووە و هەر ئەویش گرتوویەتی.

زیاتر لە دوو مانگە مێرمنداڵێك بە ناوی هەلۆ محەمەد تەمەن 16 ساڵ لەلایەن هێزێكی دژەتیرۆری یەكێتی بە بڕیاری لاهوور جەنگی گیراوە. ئەو كاتەی گیرا "وشە" زانیاری ئەوەی بڵاو كردەوە كە ئەو منداڵە پەیج و ئەكاونتەكانی لاهوور جەنگی بەڕێوە بردووە و دواتر لە یارییەكی ئەلیكترۆنی كوژراوە، ئەوەیش هۆكار بووە بۆ گرتنی.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی نزیك لە خێزانی هەڵۆ محەمەد بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەسەر داوای داواكاری گشتیی ئەمڕۆ بۆ ماوەی یەك سەعات خێزانی هەڵۆ سەردانیان كردووە لە یەكێك لە گرتووخانەكانی سنووری سلێمانی.

لای خۆیەوە شێرزاد بابان خاڵی هەڵۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەڵۆ لە یەكێك لە گرتووخانەكاندایە و گیراوە، ئەمڕۆ بە بڕیاری داواكاری گشتیی سەعاتێك بینراوە. زیاتر گوتی، ئێستە ڕوونە كە كێ‌ هەڵۆی گرتووە، چونكە پێشتر زۆر هاوڕێی لاهوور جەنگی بووە و ئێستە دەڵێن لاهوور ڕقی زۆر لێیەتی.

خاڵەكەی هەڵۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هیچ كەسێك بۆی نییە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی هەڵۆ ببینێ‌ و كەیسەكەیشی یەكلا نەكراوەتەوە. وەك باسی لەوە كرد كە تۆمەتی سیخوڕییان داوەتە پاڵ هەڵۆ.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ڕۆژی 11ی كانوونی یەكەم دایك و باوكی هەڵۆ لە بەردەم دادگای سلێمانی ناڕەزاییان دەبڕی و ڕایان گەیاند، كوڕەكەیان لەلایەن دەزگا تەناهییەكانی سلێمانییەوە سزای توند دراوە و تەنانەت لەناو هۆڵی دادگا هاواری كردووە كە رزگاری بكەن.




وشە - وشه‌