بەرشەلۆنە لە 2019 هەوڵی گرێبەستی 5 یاریزان دەدات

:: PM:01:10:03/01/2019 ‌

لە لیستی داواكارییەكانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ ساڵی 2019 ناوی 5 یاریزانی نوێ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیان هاتووە لەسەرجەم هێڵەكاندا.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە لە ساڵی 2019 هەوڵ دەدات بەلایەنی كەم 5 یاریزانی نوێ بكرێ كە لە گۆڵپارێزێك و یاریزانێكی هێڵی بەرگری و دوو یاریزانی هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەرێكی ژمارە 9 پێكهاتوون.

یاسپەر سیلیسین گۆڵپارێزی هۆڵەندی داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردووە رێگەی پێ بدەن یانەكەیان جێبێڵێ، بەمەش یانەكە ناچار دەبێت بۆ پڕكردنەوەی شوێنی گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێكی نوێ بكات.

یانەكە ئامانجی ئەوەی هەیە گۆڵپارێزێكی خاوەن بەهرە بكڕێت نەك گۆڵپارێزێكی ناودار كە نرخەكەی لە 15 ملیۆن یۆرۆ تێ نەپەڕێ.

یانەی بەرشەلۆنە پێویستی بە یاریزانێكی ناوەڕاستی هێڵی بەرگری هەیە بەهۆی پێكانەكانی ساموێل ئۆمتیتی و تۆماس ڤێرمایلینەوە، بۆ ئەمەش یانەكە 2 بەرگریكاری خستۆتە نێو لیستی داواكارییەكانی ئەوانیش برێتین لە جان كلێر تۆدیبۆ بەرگریكاری یانەی توڵۆزی فڕەنسی لەگەڵ ماتیاس دی لیختی بەرگیریكاری لاوی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەكە چەند رۆژێك پێش ئێستا جیسۆن مۆریلۆی بەرگریكاری كۆڵۆمبی بەشێوەی خواستن تا كۆتایی ئەم وەرزە لە یانەی ڤالێنسیا هێنا یانەكەیەوە، ئەگەر ئەم بەرگریكارە توانی سەرنجی راهێنەر و بەرپرسانی یانەكە بۆ خۆی راكێشێ ئەوا لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بە 25 ملیۆن یۆرۆ بەیەكجاری دەیكڕێتەوە.

لە هێڵی ناوەڕاستیشدا ئامانجی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنە برێتییە لە فرێنكی دی یۆنگی ئەستێرەی لاوی یانەی ئەیاكس ئەمستەردام، بەرپرسانی یانە كەتەلۆنییەكە پێیانوایە ئەمەیان باشترین بژاردە دەبێت بۆ شوێنگرتنەوەی سێرجیۆ بۆسكێتس.

ئامانجێكی تری یانەكە لە هێڵی ناوەڕاست برێتییە لە ئەدریان رابیۆی ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی كە دەتوانێ بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر گرێبەستی لەگەڵ بكات بەهۆی تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەیدا.

لە هێڵی هێرشبەریشدا یانەكە بەهۆی ئەگەری رۆیشتنی مونیر حەدادی و گەورەبوونی لویس سوارێز لە رووی تەمەنەوە، چاوی بڕیوەتە سەر چەند یاریزانێكی نوێ ئەوانیش پێكهاتوون لە ئەندرێ سیلڤا لە یانەی سڤیلییە، ماكسی گۆمێز لە یانەی سێلتا فیگۆ، كریستۆف بیاتیك لە یانەی جەنەوا، نیكۆلاس پێپی لە ینەی لیل، تیمۆ ڤێرنەر لە یانەی لایپزیگ، یۆڤیتیچ لە یانەی فڕانكفۆرت، بەڵام خەونی گەورەی یانەی بەرشەلۆنە لە هێڵی هێرشبەر برێتییە لە گرێبەستكردن لەگەڵ هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام و هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م