بەرشەلۆنە مانگی داهاتوو هەر 3 رۆژ جارێك یارییەك ئەنجام دەدات

:: PM:02:22:25/12/2016 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە مانگی یەكەمی ساڵی نوێدا زۆرترین یاریی ئەنجام دەدات و رەنگە بە درێژایی ئەم مانگە هەر 3 رۆژ جارێك یارییەك ئەنجام بدات.

یانەی بەرشەلۆنە مانگی داهاتوو 6 یاریی هەیە كە 4 یاریی لە خولی ئیسپانیا و 2 یاریشی لە جامی شای ئیسپانیا دەبێت، رەنگە ئەم رێژەیە بۆ 8 یاریی زیادبێت ئەگەر توانی بەربەستی یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا ببڕێت.

واتە لویس ئێنریكی ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی 24 رۆژدا دەبێت 8 یاریی ئەنجام بدات كە ئەمەش بەڕێژەی یارییەك لە هەر 3 رۆژدا دەبێت، بێگومان ئەمەش قورس دەبێت بۆ یاریزانان.

یانەی بەرشەلۆنە 4 یارییەكەی لە خولی ئیسپانیا برێتی دەبێت بەرامبەر یانەكانی ڤیاڕیال، لاس پاڵماس، ئیبار و ریال بیتیس، رۆژی 5ی مانگی داهاتووش یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو ئەنجام دەدات، دواتریش رۆژی 11 مانگ یاریی گەڕانەوە لەنێو یاریگەی كامپ نوو ئەنجام دەداتەوە.

ئەگەر یانەكە توانی بەربەستی یانەی ئەتلەتیك بیلباو ببڕێت، ئەوا هەر لەو مانگەدا 2 یاریی تریش لە قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا ئەنجام دەدات.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا لە بەكۆكردنەوەی 34 خاڵ لە ریزی دووەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت دوای یانەی ریال مەدریدی ركابەری كە جیاوازییەكەی لەگەڵیدا 3 خاڵە و لەگەڵ یارییەكی دواخراو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م