ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لە شارۆكەی سیدسادق 210 هاووڵاتی تووشی نەخۆشی سكچوون و رشانەوە بوونە و هاووڵاتیان هۆكارەكەی بۆ پیسبوونی ئاوی خوادنەوە دگەڕێننەوە و بەرپرسێكی تەندروستیش دووپاتی دەكاتەوە كە پێ دەچێ هۆكاری خواردنەوەی ئاوی پیس بێت.
سەلام ئەسكندەر هاووڵاتییەكی سیدسادق بۆ "وشە" گوتی، ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە ئاوی خواردنەوەمان رەنگی تێك چووە و تام و بۆنێكی ناخۆشی هەیە، ئەوەش مەترسی لای هاووڵاتیان دروست كردووە.
زیاتر گوتی، لەماوەی ئەم دوو رۆژە دوان لە مندالەكانم تووشی سكچوون و رشانەوە بوون رەوانەی نەخۆشخانەم كردوون، ئاماژە دەكات كە هۆكارەكەی بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوە دەگێرمەوە.
ئەسكەندەر روونی كردەوە، ئاوەكە رەنگی گۆڕاوە و لێڵ بووە، پێش ئەوەی بیخۆیتەوە بۆنێی ناخۆشی هەیە كە بۆنی زەلكاوی لێ دێت و تامێكی ناخۆشیشی هەیە، نازانین هۆكارەكەی چییە، ترسمان هەیە نەخۆش بكەوین.
حەیدەر حەسەن بەرپرسی نەخۆشخانەی شەهید شەوكەت لە سیدسادق بۆ "وشە" گوتی، لە ماوەی 8 رۆژی رابردوودا تا ئەمرۆ 210 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەكەی ئێمەیان كردووە بەمەبەستی چارەسەر كە توشی سكچوون و رشانەوە بوون و پێ دەچێ هۆكاری خواردنەوەی ئاوی پیس بێت.
زیاتر گوتی، سەرجەمی ئەو نەخۆشانە چارەسەریان بۆ كراوە و بەشێكیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و هەندێكیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كراون و دووپاتی كردەوە كە خۆشبەختانە تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەست دان رووی نەداوە.
شارۆكەی سیدسادق دەكەوێتە نزیكەی 60 كیلۆمەتر باشووری رۆژهەلاتی شاری سلێمانی و دانیشتوانەكەی نزیكەی 90 هەزار كەس دەبن.
وشە/سەلام هانەدنی
پ/مەحموود ئیسماعیل