نووسینگەی پشكنەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، لیژنەكانی وردبینی توانیویانە تەنیا لە مانگی ڕابردوودا 288 حاڵەتی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی له وەزارەت و فەرمانگە جیاجیاكانی وەزارەتی ناوخۆ بدۆزنەوە و هاوكات توانیویانە لە ڕێی وردبینییەوە ملیارێك و 681 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێننەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی بڵاوكراوەی نووسینگەی پشكنەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق كە باس لە كار و چالاكییەكانی مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر دەكات و تێیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی پشكنینی بەغدا و پارێزگاكانی تر توانیویانە 280 دیاردەی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی لە ئەنجامی 165 سەردان بۆ پكشنین بدۆزنەوە، كە تەنیا لە بەغدا 128 حاڵەتی گەندەڵی كارگێڕی و حەوت حاڵەتی گەندەڵی دارایی تۆمار كراون. هەروەها لە پارێزگاكانی تریش 132 حاڵەتی گەندەڵی كارگێڕی و 13 حاڵەتی گەندەڵی دارایی دۆزراونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەكە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی وردبینی و چاودێری دارایی لە پشكنەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ توانیویانە لە مانگی ڕابردوودا 36 ملیۆن و 165 هەزار و 519 دینار بگەڕێننەوە و فەرمانیشیان كردووە بە گێڕانەوەی ملیارێك و 681 ملیۆن و 246 هەزار و 50 دیناری عێراقی بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.
هەروەها بە هەدەردانی پارەی گشتی بە بڕی 20 ملیۆن و 640 هەزار دینار ئاشكرا كردووە و وردبینی لە 30 ڕەشنووسی گرێبەست و 65 پرسی ئەنجوومەنەكان و لێكۆڵینەوە كردووە، چاودێریی 45 گرێبەستیشی كردەوە كە لە پلانی وەزارەت بۆ بواری وەبەرهێنان و بەكاربردن بەكار هێنراون.
ئاماژەی داوە، لەو ڕێژەیەی گەندەڵی 19 حاڵەت بەكارهێنانی پۆست بووە، 28 حاڵەتی تر بەكارهێنانی پێگە بووە، 180 حاڵەتی پەراوێزخستن، 39 حاڵەتی ساختە، پێنج حاڵەتی بەرتیل، 11 حاڵەتی بەفیرۆدانی پارەی گشتی، شەش حاڵەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، چوار پێشێلكاری رێنوێنییەكان، سێ حاڵەتی سپیكردنەوەی پارە و چەند حاڵەتێكی تری جیاجیا.
سەرچاوە/غەدپرێس.