عێراق پرۆتۆكۆلی ئیمزاكراو لەگەڵ توركیا بڵاو دەكاتەوە

:: PM:03:07:14/10/2016 ‌

نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت كە ئەو پرۆتۆكۆلەی لەگەڵ توركیا ئیمزا كراوە بۆ راهێنان بەپۆلیسی عێراق بۆ مەشق پێكردنی ئەوانە لەناو خاكی توركیا و مانای رەزامەندی عێراق نەبووە لەسەر هاتنی هێزی توركیا بۆناو عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەو پرۆتۆكۆلەی لە 2009 لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و توركیا ئیمزا كراوە، مانای هاتنی سوپای توركیا بە تۆپ و تانكییەوە بۆناو عێراق بەبێ ئاگەداری و رەزامەندی حكوومەتی عێراق نییە. 

زیاتر گوتی، ئەگەر داوای مەشق پێكردن مانای هاتنی هێزی ئەو وڵاتە بێت ئەوە ئیسرائیلیش دەتوانێ بە سوپا بچێتە ناو توركیا، چونكە رێككەوتنی مەشق پێدانیان هەیە، ئاماژەی بۆ كۆنگرەی هاوبەشی رۆژنامەوانی نێوان حەیدەر عەبادی و ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە 2014 كرد كە لایەنی توركیا پێشنیازی رەوانەكردنی هێزی بۆ عێراق كردووە، بەڵام عێراق رەتی كردووەتەوە.

بەیاننامەكە دووپاتی دەكاتەوە كە توركیا بەشێك نییە لە هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش و ئەو هێزانەشی هاتوونەتە ناو عێراق بەدزی هاتوون، واتە رەزامەندی رەسمیان لە عێراق وەرنەگرتووە وەك هەر هێزێكی تری هاوپەیمانان، بۆیە بانگەشە و لێدوانەكانی توركیا لەو بارەوە هیچ بنەمایەكی نییە توركیا دەبێ هێزەكانی لە عێراق پاشەكشە پێ بكات.

یەكێك لە هەوڵەكانی عێراق لەدژی توركیا گەیاندنی بابەتەكەیە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەت كە داوای سازكردنی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دەكات بۆ ناچاركردنی توركیا بۆ جێهێشتنی خاكی عێراق كە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی لە سەربازگەی زیلكان لە بەعشقیە لە نزیك مووسڵ هەیە، لەو كاتەی سەرچاوەیەك دەڵێت كە توركیا دەقی رێككەوتنی ئەنجامدراو لەگەڵ عێراق دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایش.

وشە/بابل 24-و: مەحموود ئیسماعیل




وشە - باز ئه‌حمه‌د