لەبارەی ناردنی سێ‌ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕوونكردنەوە دەدرێ‌

:: PM:05:51:05/01/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونكردنەوە لەبارەی ناردنی سێ‌ مووچەی كۆتایی ساڵی 2018ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دەدات و دووپات لەوە دەكاتەوە، تا ئێستە هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە سێ‌ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە ڕەوانە بكرێ‌.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی كانوونی دووەم، مەیادە نەجار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە هەوڵ و گفتوگۆ زۆرە بۆ ئەوەی لەلایەن بەغداوە سێ‌ مووچەی كۆتایی ساڵی 2018 بنێردرێ‌، بەڵام هێشتا بەتەواوی بڕیاری لێ‌ نەدراوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ناردنی ئەو پارەیە پێویستی بە بڕیاری كۆتایی لەلایەن بەغداوە هەیە و بۆ ئەوەیش دەبێ‌ میكانیزمی ناردنی پارەكە لەلایەن بەغدا و هەرێمەوە بەپێی ڕێككەوتنێكی نوێ‌ رێك بخرێ، پێشبینی دەكرێ‌ لە داهاتوویەكی نزیك ئەوە یەكلا بكرێتەوە.

لێدوانەكەی مەیادە نەجار لەكاتێكدایە كە بڕیارە سبەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی ساڵی 2018ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكات لەكاتێكدا ئێستە ساڵی 2019 یە و هێشتا حكوومەت سێ‌ مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم