گەشتی توركیا لە تامر حوسنی قەدەغە كرا

:: PM:04:56:25/12/2016 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم رێكەوتی 25ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، دەسەڵاتدارانی فڕۆكەخانەی قاهیرە، رێگەیان بە گۆرانیبێژی میسڕی تامر حوسنی نەدا گەشت بەرەو وڵاتی توركیا بكات.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی تەناهی لە فڕۆكەخانەی ناوبراو رای گەیاندووە، هۆكاری رێگەنەدان بەو گۆرانیبێژە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو رەزامەندیی پێشوەختەی تەناهی بەدەست نەهێناوە، كە پێویستە هەموو كەسێك ئەو بەڵگەنامەیە بە دەست بهێنێت، بەر لەوەی گەشت بۆ چەند وڵاتێكی دیاریكراو بكات كە توركیاش یەكێكیانە، ئەمەش بەگوێرەی نوێترین رێنوێنییە تەناهییەكانی وڵاتی میسڕ.

تامر حوسنی، لە دایكبووی ساڵی 1977ی شاری قاهیرەی وڵاتی میسڕە، هاوسەرگیری كردووە و یەك منداڵی هەیە، ژەنیاری ئامێرە موزیكییەكانی گیتار و پیانۆیە، لە ساڵی 2000ەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، تا ئێستە خاوەنی 12 ئەلبوومی گۆرانییە.

سەرچاوە: سكای نیوز- ویكیپیدیا.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی