چەند زانكۆ و دامەزراوەیەكی تەندروستی و ناوەندی توێژینەوەی كەنەدایی داوای دەست پێكردنی هەڵمەتێكیان كرد بۆ كەمكردنەوەی ئەو كاتەی مرۆڤ لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا لەناو ماڵ بەسەری دەبات و لەبری ئەوە رێنوێنی دەكەن بۆ هاندان بەرەو زیادكردنی كارلێكی كۆمەڵایەتی لەناو خێزاندا.
وەك ماڵپەڕی
"دیجیتاڵ جۆڕناڵ" ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە، ئەو هەڵمەتە ناوی "تیكنۆ فیرینسی" لێ نراوە وەك ئاماژەیەك بۆ زێدەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا، بەتایبەتی مۆبایل و تابلێتی زیرەك.
ئامارە نیوچە فەرمییەكان لە كەنەدا دەری دەخەن كە نزیكەی 98%ی خێزانەكان بەلایەنی كەم ئامێرێكی بەستراوەیان بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە لە ماڵەوە هەیە و تێكڕای بەكارهێنانی ئەو ئامێرەیش 3.5 سەعات بووە لە رۆژێكدا بۆ باوان و 2.5 سەعاتیش بۆ منداڵ و مێردمنداڵان.
ئەو ئامارە هەموو بەكارهێنانە تەكنۆلۆجییەكانی گرتەوە وەك مۆبایلی زیرەك لەكاتی ژەمەكان و سەرقاڵبوون بە وێنەگرتن و ئەنجامدانی یاری ڤیدیۆیی لەكاتی كۆبوونەوەی خێزانیدا. بۆیە ئەو هەڵمەتە دەستی پێ كردووە بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاتی بەكارهێنانی ئامێرەكان لەناو ماڵدا.
توێژەران دەڵێن، منداڵان ئامێرەكانی دیجیتاڵ بە تێكڕای رۆژانەی 2.5 سەعات بەكار دێنن و ئەوەیش پێشێلكردنی رێنوێنییەكانە كە كۆمەڵەی پزیشكی منداڵی كەنەدی دەری كردووە كە نابێت لە سەعاتێك لە رۆژێكدا زیاتر بێت، بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان 2-5 ساڵە.
توێژەران هەروەها دووپاتی دەكەنەوە كە گرنگە مسۆگەری بوونی ژەمی خۆراكی ناو خێزان بە شێوەیەكی رێكوپێك هەبێت دوور لە بەكارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵەكان، لەگەڵ گرنگی كارلێكی خێزانەكان لە نێوان خۆیاندا لەسەر خوانی ئێوارە كە بۆ گەشەی منداڵ زۆر گرنگە.