کارەباى سلێمانى چارەسەر دەکرێت

:: PM:07:24:25/12/2016 ‌
بەمەبەستى چارەسەکردنى کێشەى کارەباى سلێمانى، بڕى 60 بگۆڕ "محاویلە"ى کارەبا بۆ شارەکە دابین دەکرێت، بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سلێمانیش دەڵێت، لە لایەن پارێزگارەوە هەوڵدراوە بۆ دابینکردنى ئەو محاویلانە.
  
سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سلێمانى بە "وشە"ى ڕاگەیاند، ئەو دۆخە خراپەى کارەبا له‌ ئێستادا به‌هۆی زۆرى خواست لەسەر کارەبایه‌، نەبونى محاویلە و پێداویستییەکان هۆکارى دروستبوونى بەشێکى ئەو کێشەیەن، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کارەباى سلێمانى کە ڕۆژانە توشمان دەبێت بەهۆى محاویلەکانەوە، ژمارەیەک محاویلە دابین دەکرێت بۆ مان".

هەروەها گوتى، ئەو محاویلانە لە لایەن سەردار قادرى پارێزگارەوە دابین دەکرێن کە ژمارەیان 60 محاویلەیە، پارەکەش لە لایەن پارێزگارەوە دەدرێت کە بڕەکەى باى 1 ملیار دینارە.
 
ئەو محاویلانە لە لایەن کۆمپانیایەکەوە دابین دەکرێت و پارەکەش لە بودجەى پارێزگایە کە لە بەردەستى پارێزگارە "حیسامەدین" واى گوت.
 
سەردار قادر، لە بڕى پارێزگارى سلێمانى بە "وشە"ى ڕاگەیاند، بڕێک پارەمان پەیدا کردووە بۆ ئەوەى ژمارەیەک محاویلە بۆ شارى سلێمانى بکڕین تا کەمێک لە کێشەى کارەبا چارەسەر بکەین.

لە ئێستادا شارى سلێمانى توشى کێشەى کارەبا بووەتەوە و بەپێى زانیارییەکان کە بە "وشە" دراون، تەنها لە ماوەى 25 ڕۆژدا، واتە لە 1ى کانونى یەکەم تا 25ى کانونى یەکەم، لە ناو شارى سلێمانى 68 محاویلەى کارەبا سوتاون.

سلێمانى/ هۆشیار عەلى


وشە - عه‌لی سدیق