لە هەولێر گەورەترین قەفەسی باڵندەكان لەسەر ئاستی دنیا دەكرێتەوە

:: PM:08:21:07/01/2019 ‌

دروستكردنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر كە ناسراوە بە (erbil zoo) كارەكانی گەیشتووەتە كۆتا و ڕووبەرەكەی 200 دۆنمە. خاوەنی پڕۆژەكەش ئاشكرای دەكات كە باخچەكە مەرجی جیهانی تێدایە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵان و ئەندامبوون لە گرووپی باخچەی ئاژەڵانی جیهانی. فیل و تیمساح و چەندان ئاژەڵی دەگمەن لەناویدا هەن و هاوكات سەتان هەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت. هێرش خۆشناو خاوەنی پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا چەند نهێنییەكی پڕۆژەكە بۆ یەكەمین جار ئاشكرا دەكات.

پڕۆژەكە چەند ساڵێكە كاری تێدا دەكرێت، كەی دەكرێتەوە؟
پڕۆژەكە بەشێكی بەرەو تەواوبوون چووە و سەرەتای مانگی سێ‌ بۆ 21ی ئادار دەكرێتەوە، ئەوەیش دوای كاركردنێكی زۆر و ماندووبوونێكی زۆر كە بەشێوەیەكی جیهانیی دروست كراوە.

تایبەتمەندییەكانی ئەو باخچەیە چییە؟
یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جگە لە پاڕكی ئاژەڵان، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك چالاكی تری تێدایە، لەوانە گەورەترین قەفەسی باڵندەكانی تێدایە لەسەر ئاستی دنیا كە گەورەییەكەی نزیكەی 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، كە هاووڵاتی دەچێتە ناوی، وەك جەنگەڵێك وایە و باڵندەكان تێیدا سەربەستن.

ڕووبەری گشتیی پڕۆژەكە و تێچووی چەندە؟
پڕۆژەكە لەسەر ڕِووبەری 200 دۆنم زەوییە، لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەدا لەسەر 130 دۆنم زەوییە، قۆناغی دووەمیش بریتییە لە 70 دۆنم كە كاری تێدا دەكرێت. تێچووەكەشی بریتییە لە 33 ملیۆن دۆلار، سەرەڕای ئەوەی خۆمان ئامێرمان هەبووە و بەكارمان هێناوە.

پێكهاتەكانی پڕۆژەكە چۆنە؟
دوای تەواوبوونی لە دوو بەش پێك دێت، ئەوەی كە هەیە چوونە ژوورەوەیە، بەشێكی ئەو پڕۆژەیە هاووڵاتی دەتوانێ بەپیادە و بە ئۆتۆمبێلی خۆی بچێتە ناوی، تێیدا ئاژەڵەكان ئازادن یان لەناو قەفەسن. بەشێكی تریش هاووڵاتی بە پیادە لەناوی دەسووڕێتەوە و ئەوەیش بۆ ئەو ئاژەڵانەی كە ئازاری مرۆڤەكان نادەن.

شێوازی ڕێكخستنی پڕۆژەكە و بڕی پارەی پسوولە بۆ هاووڵاتییان چەندە؟
ئەو پڕۆژەیە تەنیا باخچەی ئاژەڵان نییە، بەڵكو باخچەی گەورەی هەیە و نزیكەی 100 یەكەی كەپرە كە هەموو خزمەتگوزارییەكی تێدایە، هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین كراوە و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش سەردانی ئەو شوێنە بكەن، چەند كافیەكیشی تێدا هەیە و وەك ناوەندێكی گەشتیارییە، بۆیە چوونە ژوورەوە جۆراوجۆرە، نرخەكان زۆر گونجاو دەبن و هەموو كەسێك دەتوانێت بچێتە ژوورەوە.

ئەو پڕۆژەیە چەند هەلی كار دەڕِەخسێنێت؟
بەتەواوبوونی ئەو پڕِۆژەیە و ئەوەی ئێمە تاوتوێمان كردووە، زیاتر لە 500 كەس دەتوانن هەلی كاریان دەست بكەوێت و كار لەناو ئەو پڕۆژەیە بكەن، ئەوەیش دەرفەتێكی باشە بۆ فراوانتربوونی هەلی كاری زیاتر لە داهاتوودا.

لەو پڕۆژەیەدا چیتر جێی سەرنجڕاكێشانی هاووڵاتییانە؟
ئەو پڕۆژەیە جیاواز لە پڕۆژەكانی تر، دوو تونێلی تێدایە و دەریاچەیەكی دەستكردی تێدایە، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هاوشێوەی خوشكەكەی كە لە شاری هامبۆڕگی ئەڵمانی دیزاینی بۆ كراوە، یەك دیزاینیان هەیە، پێویستییەكانی ئاژەڵان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چییان بۆ دابین كراوە، ئێمە زیاترمان كردووە، بۆ نموونە مەرج بوو یەك مەتر چوارگۆشە بۆ باڵندە دیاری بكرێت، ئێمە پێنج مەترمان دیاری كردووە.

ئەو ئاژەڵانەی بۆ یەكەمین جار بۆ هەرێمی كوردستانی دەهێنن چین؟
ئەو ئاژەڵانەی كە ئێمە تەنیا لە تەلەڤزیۆنەكان بینیومانن، ئیتر لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەبینرێن كە بریتین لە فیل و تیمساح و زەڕافە و شێر و پڵینگ، لەگەڵ چەندان مەرجی ڕِێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ هێنانی ئاژەڵە تایبەتەكان، بۆ ئەوەی ئێمە ئەندامێكی كارا بین.

بەرنامەتان بۆ پێشاندانی ئاژەڵی هەرێمی كوردستان چییە؟
ئێمە زیاتر گرنگی بە ئاژەڵی لۆكاڵی یان ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەدەین، هەوڵ دەدەین هەموو ئاژەڵەكان كۆ بكەینەوە و بەشێوەیەكی جوان پێشان بدرێن تا ئاژەڵی ناوخۆیی پەرە بستێنێت، هەرچەندە تا ئێستە دەستمان بەهێنانی ئاژەڵ نەكردووە، بەڵام هەندێك ئاژەڵی دەگمەن هەن كڕیومانن تا لە دەستمان نەچن.

كێشەی دواكەوتنی پڕۆژەكە چی بوو كە بڕیار بوو لە بەهاری 2017 تەواو بكرێت؟
هۆی دواكەوتنی پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی شاری هەولێر، بۆ كێشەیەكی یاسایی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام توانیمان لە دادگا ئەو كەیسە یەكلا بكەینەوە.
 



وشە - رامیار جەواد