ئەمڕۆ یەک شەم، لە گەڕەکى نەهرى سۆران خانووى پێشمەرگەیەگ بەهۆى با و بارانەوە دەڕووخێت و پێشمەرگەکەش لایەنى پەیوەندى دار بەکەمتەر خەم دەزانێت.
ماوەى دووساڵە دیوارێکى پاڵپشت لە گەڕەکى نەهرى سۆران لەلایەن حکوومەتەوە دروست کراوە، بەهۆى خراپى دیوارەکە بەسەر سێ خانووى هاووڵاتیانى گەڕەکەکە دەڕووخێت لە نێویدا خانووى پێشمەرگەیەکیش بەتەواوى رووخاوە.
مەسیح سەدیق هاووڵاتیەکى خێزاندارى دانیشتووى گەڕەکى نەهرى لە سۆران بە " وشە "ى راگەیاند "ماوەى شەش ساڵە بە کرێ لەو خانووەدامە بەهۆى خراپى بارى گوزەرانم لەو شوێنە نیشتەجێ بوومە، پێشتر دیوى پشتەوەى خانووەکە دیوارى بۆ نەکرابوو هیچ کێشەی نەبوو، دووساڵ پێش ئێستا حکومەت بەمەبەستى پاڵشتى بۆ خانووەکان دیوارێکى لەگەڕەکەکەى ئێمە و لە پشتەوەى خانووەکانمان دروست کرد، بەڵام بەهۆى خراپى دیوارەکە و دروست کردنى بە شێوەیەکى کەمتەرخەم، ئەمڕۆ یەکشەم 25/12/2016 دیوارەکە بەسەر خانووی ئێمە و دوو خانووى تر رووخا".
مەسیح سەدیق حاجى ئەحمەد نزیکەى 10 ساڵە لە فەرماندەى هەڵگۆرد سەر بە یەکەى 80ی پێشمەرگەیە، خاوەنى دوو منداڵە و پێنج رۆژە لە ئەرکی سەربازى لە میحوەرى باشیک گەڕاوەتەوە .
ناوبراو زیاتر گووتى" بەهۆى رووخانى دیوارى پاڵپشت، خانوو بەسەر ماڵ و منداڵم رووخا، خۆشبەختانە هیچ زیانى گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام تەواوى کەل و پەلى ناوماڵمان لە ناو چووه، هەروەها لایەنى پەیوەندىدار کەمتەر خەم بوون لەدروست کردنى ئەو دیوارە، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەم بە شێوەیەک لە شێوەکان قەرەبوومان بکاتهوه".
هاوکات عەمیدى ماف پەروەر عیماد رێکانى بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى سۆران پشت راستى هەواڵەکەى کردەوە و بە " وشە "ى راگەیاند" سەر لە بەیانى ئەمڕۆ یەک شەم ئاگادار کراینەوە لە هەبوونى رووداوێکى رووخانى دیوار بەسەر خانووى هاووڵاتییان لە گەڕەکى نەهرى سۆران، دەست بەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنى رووداوەکە و توانیان خێزانەکە رزگار بکەن .
زیاتر گووتى " دیوارێکى پاڵپشت بەسەر سێ خانوودا رووخاوە و خۆشبەختانه زیانى گیانى لێنەکەوتەوە، بەڵام خانووى پێشمەرگەیەک که بەکرێ لە نێویدا بووە بە تەواوى رووخاوە و زۆربەى کەل و پەلى ناوماڵى تێکچوون و زەرەر و زیانى زۆرى مادى بەرکەوتووە".
سۆران: موڕشید برادۆستى