شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن كە لە ساڵی 2021دا ئامێرە زیرەكەكان و ڕۆبۆتەكان زۆربەی بوارەكانی ژیانی مرۆڤ بگرنەوە و گۆڕانێكی ڕیشەیی لە كارەكانی مرۆڤ بهێننە ئاراوە، ئەمەش بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە كۆمەڵێك لە زانایانی ئەمەریكا ئەنجامیان داوە.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیە، ئامێرە زیرەكەكان دەتوانن لە تەواوی بوارەكان بۆ ساڵی 2021 بەرهەم بهێنرێن و شوێنی مرۆڤ لە بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی كارەكان بگرنەوە و ڕێگری لە نایاسایی و سەرپێچییەكان بكەن، بەتایبەت لەو كاتەی پۆلیسی ڕۆبۆت دروست دەكرێ، كە دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری مرۆڤ بێكار بمێننەوە.
رۆبۆت و ئامێرە زیرەكەكان دەرفەتی یەكجار گەورەیان لە بەردەمە تا لە هەموو بوارەكان لەلایەن خاوەنكار و حكوومەتەكانەوە بخرێنە سەر كار و شوێنی مرۆڤەكان بگرنەوە، زۆرێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانیش ئێستە خەریكی ئەو پڕۆژانەن تا بتوانن بە تێچوویەكی كەم كارەكانیان ڕابپەڕێنن، چونكە ئەگەر رۆبۆت كارەكانیان بۆ بەڕێوە ببات، تەنیا ساتی كڕین و بەرهەمهێنانی پارەی تێ دەچێ، دواتر هیچ خەرجییەكی ئەوتۆی نابێ و بەردەوام كار دەكات، بێ وەستان و ماندووبوون.
سوزان تان جێگری سەرۆكی بەشی توێژینەوە لە دامەزراوەی توێژینەوە و بەدواداچوونی جیهانی "جارتنەر" لەوبارەوە دەڵێ، ئەو بودجەی لە ساڵی 2016 بۆ كڕینی ئامێر و رۆبۆتە زیرەكەكان بەكار هاتووە لەلایەن حكوومەت و خاوەنكارەكانەوە، 451 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بووە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكان دەركەوتووە كە لە ساڵی 2021 بڕی بودجەی تەرخانكراو لەلایەن حكوومەت و كارگە و كۆمپانیا زەبەلاحەكانەوە بۆ 29 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.
ئاماژەی دا، ئامێرە زیرەك و رۆبۆتەكان هەموو كارێك دەكەن بە وردی و بێ هیچ كێشە و گرژی و ناخۆشییەك، هەرچی سیستەمێكیان بۆ ئەپدەیت بكرێ و فەرمانیان پێ بكرێ، ئەوا ڕاستەوخۆ 24 سەعات دەتوانن كار بكەن، ئەمە خزمەتی زۆر بە كەرتی كار لە حكوومەت و كۆمپانیا زەبەلاحەكان دەكات.
سەرچاوە/ئەلجەزیرە.