وه‌ڕگێڕى كتێبێكى وه‌رزشى: چه‌ندان بوارى وه‌رزشى هه‌ن به زمانى كوردى یه‌ك كتێبیان له‌سه‌ر نادۆزیته‌وه
وێڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێكه بوارى چاپ و وه‌رگێڕانى كتێب له كوردستان گه‌شه‌ى كردووه، به‌ڵام وه‌رزشوانان و هه‌وادارانى وه‌رزشه جۆراوجۆره‌كان، ره‌خنه‌یان هه‌یه و پێیان وایه تا ئێسته چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبى وه‌رزشى وه‌ك پێویست نییه.
مه‌سعوود حه‌سه‌ن یه‌كێكه له رۆژنامه‌نووسه‌كانى بوارى وه‌رزش، ئه‌و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كتێبێكى قه‌باره گه‌وره‌ى له‌باره‌ى وه‌رزشه‌وه وه‌رگێڕاوه، له دیمانه‌یه‌كى كورتى "وشه"دا ئه‌م رۆژنامه‌نووسه باسى له كتێبه‌كه‌ى خۆى و ئه‌و كه‌موكوڕییانه كرد كه له كتێبخانه‌ى كوردى له‌باره‌ی كتێبى وه‌رزشى هه‌یه.
ئه‌و كتێبه‌ى مه‌سعوود وه‌ری گێڕاوه له 411 لاپه‌ڕه پێكهاتووه، ئه‌و له‌باره‌ى كتێبه‌كه‌ى بۆ "وشه" گوتى، "كتێبه‌كه‌ى من ناوى (زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ)ه، باسی به‌شێك له ژیاننامه‌ى زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ یاریزانى تۆپی پێی سوێدى ده‌كات، له 24 به‌ش پێكهاتووه، له‌هه‌ر به‌شێكدا باس له وێستگه و بابه‌تێكى جیاوازى ژیانى ئه‌و یاریزانه ده‌كات، زلاتان چه‌ندان ڕێى سه‌خت و دژوارى تێپه‌ڕاندووه و چۆكى بۆ نه‌هامه‌تییه‌كانى دانه‌داوه".
له‌باره‌ى گرنگیى ئه‌م كتێبه بۆ خوێنه‌رى كورد، مه‌سعوود گوتى "گومانى تێدا نییه وه‌رزشكارى كورد به‌تایبه‌تى یاریزانانى تۆپی پێ، له‌ڕێى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و كتێبه، ده‌توانن سوود له وانه جوانه‌كانی ئه‌و یاریزانه ببینن، له چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له كاتى یاری و هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر و یاریزانانى هاوڕێیان و مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ میدیا و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخه سه‌خته‌كان".
له درێژه‌ى قسه‌كانى ئه‌م وه‌رگێڕه گه‌نجه، باسى له‌و هۆكاره كرد كه وای لێ كردووه كاتێكى زۆر بۆ وه‌رگێڕانى 400 لاپه‌ڕه‌ى كتێبێك ته‌رخان بكات. مه‌سعوود گوتى "به‌هۆى هه‌ستكردنم به به‌رپرسیارێتى له كه‌مى ژماره‌ى كتێبی وه‌رزشیی به زمانى كوردی له كتێبخانه‌ى كوردی، ده‌ستم كردم به وه‌رگێڕانى ئه‌م كتێبه، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌لێنێك پڕ بكه‌مه‌وه و سوودێك به خوێنه‌رى وه‌رزشیی و وه‌رزشكاران بگه‌یه‌نم".
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه باسى له‌وه كرد، چه‌ندان كتێب له‌مدواییه له بوارى وه‌رزش بڵاو كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ژماره‌یان زۆر كه‌مه، به‌تایبه‌تى ئه‌و كتێبانه‌ى هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه چه‌ندان بوارى وه‌رزشى هه‌ن ده‌كرێت كاریان له‌سه‌ر بكرێت و كتێبیان له‌باره‌وه بڵاو بكرێته‌وه، چونكه چه‌ندان بوارى وه‌رزشى هه‌ن یه‌ك كتێبیان له‌باره‌وه نییه. مه‌سعوود حه‌سه‌ن گوتى، "زۆربه‌ى بواره‌كان به‌گرنگ ده‌زانم كه كتێبیان له‌باره‌وه بڵاو بكرێته‌وه، به‌تایبه‌تى چۆنیه‌تى ئاماده‌كارى تیپ و یانه‌كان بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كان و چۆنیه‌تى به‌ده‌ستهێنانى نازناو، زانسته تازه‌كانى ناو دنیاى وه‌رزش له هه‌موو یارییه‌كان، مه‌شق و راهێنان، لایه‌نى ده‌روونیى یاریزانان، كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنى یانه و دامه‌زراوه وه‌رزشییه‌كان، ئه‌كادیمیاى تۆپی پێ، په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشیی".
له‌باره‌ی تۆپى پێ، كه‌سانێك هه‌ن ده‌ڵێن وه‌رگرتنى زانیارى له‌باره‌ى تۆپى پێ پێویستى به‌وه نییه كتێبى له‌باره‌وه بخوێنرێته‌وه، ته‌نیا به سه‌یركردنى چه‌ند یارییه‌ك رۆشنبیریت له بواره‌كه بۆ دروست ده‌بێت. به‌ڵام مه‌سعوود ئه‌م بۆچوونه ره‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، "ئه‌مه بۆچوونێكى ته‌واو هه‌ڵه‌یه، چونكه تۆپی پێ هه‌ر ئه‌وه نییه ئێمه له تیڤییه‌كان سه‌یرى ده‌كه‌ین، ئێسته له دنیادا تۆپی پێ و تاكتیكى یاریكردن وه‌ك زانست سه‌یر ده‌كرێ، زووزوو گۆڕانكارى له تۆپی پێ ڕوو ده‌دات، چه‌ندان لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ى وردى بۆ ده‌كرێت، ئه‌مه پێویستى به‌ئه‌زموون و كات هه‌یه تا به‌ته‌واوى له تۆپی پێ شاره‌زا ده‌بین".
له كۆتایى قسه‌كانیدا مه‌سعوود باسى له‌و ئاسته‌نگه كرد كه له كاتى چاپكردنى كتێبه‌كه‌ى هاتووه‌ته به‌رده‌مى و دووپاتی كرده‌وه، ئێسته سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى كتێبێكى تره له بوارى وه‌رزش، به‌ڵام ئه‌م كاره‌یان وه‌رگێڕان نییه. گوتى "كێشه‌ى سه‌ره‌كیى من خه‌رجی چاپكردنى كتێبه‌كه بوو كه پاره‌یه‌كى زۆرى ده‌ویست، به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌ى پێویست، نزیكه‌ى یه‌ك ساڵ كتێبه‌كه‌م دواكه‌وت، له داهاتوودا كارى ترم ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مجاره بیرم له‌وه كردووه‌ته‌وه كارى وه‌رگێڕان نه‌بێت".