هاوسەرەكەی سووكایەتی پێ دەكا و ماڵی باوكیشی دەڵێن دەبێت قبووڵی بكەی

:: PM:03:06:09/01/2019 ‌

لەسەر كورسییەكی شكاو بەدیار قەڵەوێڵەیەك كە دوو منداڵی خۆی و دوو منداڵی كەسێكی تری لەسەر خەوێنرابوو، دانیشتبوو و بە دەنگێكی پڕ خەمەوە دڵنەوایی كچە هەشت ساڵەكەی دەكرد، دەیگوت "خوشك و براكەت باشن بابیشت دێت بەدواماندا، مەگری دەزانم برسیتە بەس تۆزێكی تر نانمان هەر بۆ دەهێنێت"، ئەمە دیمەنی ژنێكە لەگەڵ سێ منداڵەكەی لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی هەولێر، كە دووان لە منداڵەكانی نەخۆش بوون و چاوەڕوانی هاوسەرەكەی دەكات بێت بەدوایاندا و بیانباتەوە بۆ ماڵەوە.

زوڵەیخا دایكی سێ منداڵە ماوەی 10 ساڵە هاوسەرگیری كردووە، وەك خۆی باسی دەكات بۆ براكەی ژن بەژنی پێ كراوە، بۆتە بووكی پووری، بەڵام نە وەك خوشكەزا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت نە وەك بووك و نە وەك خێزانی كوڕە تاقانەكەی، زوڵەیخا باسی چیرۆكی خۆی بۆ "وشە" كرد و گوتی یەكەم جاری نییە بە هەفتە لە نەخۆشخانە یان هەر شوێنێك بەتەنیا بمێنێتەوە لەگەڵ منداڵەكانی و كۆتا جاریش نابێت، بەگریانەوە گوتی ئەگەر بێكەس بووی مێروولەش پێت دەوێرێت.

سێ شەو بەسەر ئەو قسانەدا تێدەپەڕێت كە زوڵەیخا بۆ ژیركردنەوەی كچەكەی لە گریانی بۆ نان دەیكرد، هاوسەرەكەی هەر نەهات و كەسیش نانی بۆ زوڵەیخا و منداڵەكانی نەهێنا و نەشهاتن بەدوایدا، پزیشك لە تەندروستی منداڵەكانی دڵنیای كردەوە و ئیزنی دەرچوونی لە نەخۆشخانە پێ دا، بەڵام زوڵەیخا سێ ڕۆژ بوو چاوەڕوانی هاوسەرەكەی دەكرد بێت بەدوایدا بیبانباتەوە، باوكی منداڵەكانی پێی گوتبوو دایكم دەڵێت "با جارێ لەوێ بن مەچۆ بەدوایاندا، بۆیە نایەم بەدواتدا و خۆشت بێتەوە هەردوو قاچت دەشكێنم".

كێشەكانی زوڵەیخا لەوە گەورەتر بوون كە بە چەند دیمەنێك كۆتاییان بێت، جگە لە پەڵە شینبووەكانی سەرجەستەی كە وێنای چەندان جۆر لێدانی دووبارەیان دەكرد، لە ڕووخساریشیدا وەك ژنێكی بەتەمەن دەردەكەوت، بۆیە كاتێك سوێندی دەخوارد و دەیگوت تەمەنی ٢٥ ساڵە هیچ یەك لەو ژنانەی لەناو قاوشی منداڵان بوون بڕوایان پێ نەكرد تا ناسنامەكەی نیشاندان.

زوڵەیخا لەگەل خەسووی و هاوسەرەكەی و منداڵەكانی لەیەك ماڵ دەژیا، خەسووی خوشكی دایكی بوو، وەك خۆی باسی دەكرد خەسووی ژیانی پێ نەهێشتووە تەنانەت ئاو و خواردنی خۆی و مێرد و منداڵەكانیشی بەدەستی ئەوە، بەگریانەوە گوتی "خۆ هەر دایكی نییە، سەرداری بەناو مێردیشم بێجگە لەوەی داری دەستی دایكیەتی چی بڵێت ئەوە دەكات، شەوانە بە سەرخۆشی دەگەڕێتەوە دەكەوێتە گیانی خۆی و منداڵەكان و تا شلوكوت دەبێت لێمان دەدات" دایكیشی خوانەكا پێی بڵێت وامەكە.

لەبارەی ئاگاداربوونی ماڵی باوكی لە بارودۆخی كچەكەیان، زوڵەیخا ڕوونی كردەوە كە ماڵی باوكی و برا و خوشك و هەموو كەسێكی ئاگادارن، بەڵام دەڵێن دەبێ قبووڵی بكەی، دایكم دەڵیت "لە ئاخیری تەمەنم بەتەمای بمكەیە دوژمنی خوشكم، بشتكوژن نابێت هیچ بڵێیت". ئەو نایشارێتەوە كە خەسووی و هاوسەرەكەشی بوێری لێدان و سووكایەتی پێكردن و فەرامۆشكردنی خۆی و منداڵەكانیان لە ماڵی باوكی وەرگرتووە و دووپات لەوەش دەكاتەوە هاوسەرەكەی چەند تاوانبارە، ماڵی باوكی زۆر زیاتر.

زوڵەیخا بەگریانەوە بەردەوام بوو لە باسكردنی ئەو ڕۆژگارانەی كە سێبەرێكی ئارامیان تێدا نییە، دەمەوێ ڕزگارم بێت لەو هەموو ئازارەی بەهەموو جۆرێك كەسایەتیم لەناو دەبات و وادەكات منداڵەكانیشم لەگەڵ گەورەبوونیان دەروونێكی ناجێگیریان هەبێت، دەمەوێ لەگەڵ سێ منداڵەكەم بەئارامی بژین، بەڵام ڕێچارەم نییە چونكە ماڵی باوكم وەرم ناگرن. بەڕێوەبەرایەتییەكانی ژنانیش سەردانم كردوون پرسیاری زۆری ڕێكخراوەكانیشم كردووە، ئەوان تەنیا دوای ئەوكاتە دەتوانن هاوكارم بن كە من شكات بكەم، منیش ناتوانم ئەوەبكەم چونكە ئەگەری هەیە لەسەری بكوژرێم، زۆرجار پەنام بۆ خۆكوشتن بردووە، بەڵام لەبەر منداڵەكانم پەشیمان بوومەتەوە، ئێستە هیوام بەهیچ نییە تەنیا رەحمی خوا نەبێت. 

پێنج ڕۆژ دوای ئەو ڕۆژەی كە پزیشك ئیزنی دەرچوونی بە زوڵەیخا دابوو بۆ منداڵەكانی، باوكی منداڵەكانی دەچێت بەدوایدا و دەیانباتەوە، لەماوەی ئەو 10 ڕۆژەی كە زوڵەیخا  سێ منداڵەكەی لە نەخۆشخانە بوون، بەخواردنی نەخۆشخانە و ئەو ژنانەی لەناو قاوشەكەدا لەگەڵی بوون برسێتییان ڕەواندووەتەوە، چونكە زوڵەیخا هیچ پارەیەكی پێ نەبووە، بۆیە نەیتوانیوە هیچ بۆ خۆی و منداڵەكانی بكڕێت.

وشە/ ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - سلێمان تاشان