ئەكادیمیایەكی ئەمەریكی: داعش سێ پارێزگا و بەشێك لە بەغدا و مووسڵ و كەركووك داگیر دەكاتەوە

دامەزراوەیەكی ئەمەریكی هۆشداری لە بارەی چالاكییەكانی داعش لە عێراق دەدات و دەڵێ، لە توانایدا هەیە سێ پارێزگا بە تەواوەتی داگیر بكاتەوە و بەشێك لە بەغدای پایتەختیش بگرێت. دامەزراوەكە دەڵێ، دۆخی سووریا سەرقاڵ بوونی هێزەكان پێیەوە، وا دەكات بۆشایی لە عێراق دروست بێت.

لە توێژینەوەیەك ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەكادیمیای "وێست پۆینت"ی سەربازی ئەمەریكی، ئاماژە بەوە دەدات داعش پشێوی سووریا بەهۆی پاشەكشەی سوپای ئەمەریكا لەو وڵاتە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بەسەر ئەو ناوچانە بگرێتەوە كە لە دەستی دا بوون، بە بەراورد بە 2014، دەتوانێت دەست بەسەر شەش پارێزگا بگرێت لەنێوان كۆنتڕۆڵی تەواو و كۆنتڕۆڵی بەشێك لێی.
 
توێژینەوەكە كە مایكل نایتس توێژەر لە بەرنامەی لیڤەر كە تایبەتمەندە بە كاروباری سەربازی و تەناهی لە عێراق و ئێران و وڵاتانی كەنداو، دەڵێ، لە دەستدانی زەوی هیچ كاتێك پێوەر نییە بۆ لەناوچوون و شكستی داعش، ئەگەرچی داعش 90%ی خاكی لە عێراق و سووریا لە دەستداوە، بەڵام ژمارەی چەكداران و ژمارەی هێرشە بەردەوامەكانی ئاماژەن كە داعش لە سووریا و عێراق شكستی نەهێناوە.

ئەو توێژەرە پشت بە ئاماری هێرشەكانی داعش لە 2018 دەبەستێ و دەڵێ هەزار و 271 هێرشی لە ماوەی تەنیا 10 مانگ ئەنجامداوە كە 762یان كردەی تەقاندنەوە بووە. 

 روونی دەكاتەوە، لە نێوان مانگی كانوونی دووەم و تشرینی یەكەمی 2018، 135 هێرشی ئەنجام داوە و بەهۆیەوە زۆرترین كەس بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی، جگە لەوەی لە هەمان ماوەدا 270 كردەی تەقینەوەی ئەنجام داوە لە رێگەی دانانەوەی بۆمب لەسەر رێگەكان و 120 هێرشیشی كردووەتە سەر بازگە و ناوەندەكانی هێزی عێراقی، 148 كردەی كوشتنی ئامانجداری ئەنجام داوە دژ بە سەركردەی عەشیرەتەكانی عێراق یان ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان یان سەركردەی هێزە تەناهییەكان بە مەبەستی نانەوەی پشێوی و دروست كردنی بۆشایی تەناهیی.
 
لە توێژینەوەكەدا بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە بەردەستەكان، داعش خۆی بۆ جەنگ لە هەجین ئامادە كردووە، ئەگەر سوپای سووریا بە ئاراستەی ئەو شارۆكەیە جولە بكات، چونكە ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا ئاڵۆزی و پشێوی تەناهی دروست دەبێت ئەمەش بە سوودی داعش دەبێت و هێرشێكی دژی زۆر سەخت ئەنجام دەدات.

 
مایكڵ نایتس باس لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەكات، پێی وایە بە كشانەوەی ئەمەریكا دۆخێكی تەواو نا سەقامگیری تەناهی روودەدات و پەل دەكێشێت بۆ بەشێكی زۆر لە عێراق، دواجار ترەمپ تێدەگات كە بڕیاری كشانەوەی لە سووریا هەڵە بووە هەروەك بڕیارە هەڵەكەی ئۆباما لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لە 2011 و بڕیارە هەڵەكەی سەرۆك بۆشی كوڕ كە 2003 رای گەیاند ئەركی ئەمەریكا لە عێراق كۆتایی هات.

"داعش كۆنتڕۆڵی لەسەر شارەكانی عێراق و كێڵگە نەوتییەكان نەماوە، بەڵام ئەگەر شیكارێكی جۆری بۆ دۆخەكە بكەین بە پشت بەستن بە ژمارەی هێرشەكانی داعش بە روونی دەردەكەوێت كە داعش ئامادەكاری بۆ ئاڵنگارییەكی نوێ دەكات كە هێرشی پێچەوانەیە لەناو هەندێك ناوچە لە باكوری عێراق بە سوود وەرگرتن لە نەگونجانی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە و هەڕەشەكانی بەرەنگاربوونەوەی دژە تیرۆر بۆ خەڵكی ناوچەكە". نایتس لە توێژینەوەكەی وا دەڵێ، ئەوەش دەخاتەڕوو، داعش تەكتیكەكانی پێش خستووە لەو ناوچانەی لە دەستی داوە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریكیش دەستی گەیشتووە بە چەندان توێژینەوە كە داعش لە هاوینی 2016 ئەنجامی داون دوای ئازادكردنەوەی موسڵ، دەڵێ ئەو توێژینەوانەی داعش ئەنجامی داون، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە داعش بەرەو بیابانە پەراوێز خراوەكان رۆیشتوون بۆ پارێزگاری كردن لە توانای مرۆیی خۆیان و دوور كەوتنەوە لەو زەویانەی كە دەكرێنە ئامانج لەلایەن هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لە ئەیلوولی 2018، چەندان دەزگای هەواڵگری پشتڕاستی ئەوەیان كردەوە كە داعش ستراتیجییەكی نوێی پەیڕەو كردووە كە خۆی لە شەڕی چەتەگەری دەبینێتەوە دژ بە هێزە عێراقییەكان، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە رۆڵی ئێران لە عێراق.

بەگوێرەی ئاماری هێرشەكانی داعش و بڵاوبوونەوەیان لە عێراق بەتایبەت لەماوەی رابردوودا بە بەراورد بە ژمارەی ئەو هێرشانەی پێش فراوان بوونی ناوچەی هەژموونی لە عێراق و سووریا لە 2014، دەردەكەوێت كە داعش دەتوانێت بە تەواوی كۆنتڕۆڵی پارێزگای دیالە و سەلاحەدین و ئەنبار و دەوروبەری بەغدا و بەشێك لە مووسڵ و كەركووك بكات.

نایتس لە توێژینەوەكەیدا هێما بۆ ئەوە دەكات، گرووپێك لە توێژەرانی ناوەندەكە هەڵساون بە هەڵسەنگاندنی هێرشەكانی داعش تا كۆتایی ئۆكتۆبەری 2018، بەگوێرەی داتاكان و ئاماری تەناهی و دیپلۆماسی و ئاماری رووداوە تایبەتەكانی دژ بە كۆمپانیاكانی تەناهی و ئاماری رووداوەكانی عێراق و راپۆرتە تەناهییەكانی حكوومەتی ئەمەریكا، دەركەوتووە كە هێرشەكانی ئەمدواییەی داعش زۆر لەوە زیاترن كە تەنانەت لەم توێژینەوەیەش ئاماژەی پێكراوە، بەشێك لەو هێرشانە هەر باس نەكراوە. لەوانە لە شارێكی وەك ئەنبار تێكڕای هێرشەكانی داعش لە مانگێكدا نۆ هێرش بووە، كەچی لە 2017 مانگانە 60 هێرش بووە و لە 2013ەش مانگانە 66 هێرش بووە، ئەمە لە كاتێكدایە داعش تەنیا 49%ی خاكی ئەنباری بەدەستەوە بووە.

 لە كۆتایی توێژینەوەكەیدا، نایتس، ئاماژە بە دابەزینی ژمارەی هێرشەكانی داعش دەكات، بەڵام دەڵێ هێرشەكانی داعش لە 2018 زۆر وردتر بووە و پلانی زۆر زیرەكانەی تێدا بەكار هاتووە، بەمەش روون دەبێتەوە كە هێرشەكانی داعش ئاستی وردی 30%ی لە ئەنبار زیادی كردووە بە بەراورد بە 2017 كە 20% بوو، كردنە ئامانجی 22 سەركردەی عەشایەر و كەسایەتی لەو شارە باشترین بەڵگەی وردی و پلان تۆكمەیی لە هێرشەكانی داعش دەردەخات.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:08:19:09/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 6920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌