پاشای گۆرانیی پۆپی بەریتانیا كۆچی دوایی كرد

:: AM:10:16:26/12/2016 ‌

كەناڵی "بی بی سی"ی بەریتانی، لە زاری بەڕێوەبەری كارەكانییەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە دوێنێ یەكشەم رێكەوتی 25ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، گۆرانیبێژی پۆپ جۆرج مایكڵ لە تەمەنی 53 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش، ئەو گۆرانیبێژە لە ماڵەكەی خۆی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گیانی لە دەست داوە و پۆلیس دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە لە مردنەكەی و لە هەموو ئەگەرە گوماناوییەكان دەكۆڵنەوە.

جۆرج مایكڵ، پێشتر ئەندامی تیپی گۆرانیی "وام" بووە و ناوی راستەقینەی كیریاكۆس پانایۆتۆیە، لە كۆتاكانی ساڵی 2011 لە نەخۆشیی هەوكردنی سییەكان رزگاری بووە.

زۆرجار بە پاشای پۆپی بەریتانی ناو دەبرێت و خاوەنی گۆرانیی بەناوبانگی "كێرلس وێسپەر"ە، لە ماوەی رابردوودا كێشەی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەكانی هەبوو و لە ساڵی 2010 لەژێر كاریگەری ئەو مادانەدا بە هۆی خێرایی لێخوڕینەوە، ئۆتۆمبێلەكەی وەگەڕا و بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی چوار هەفتە خرایە گرتووخانەوە.

هاوكات سێ ساڵ بەر لە ئێستەش، لەنێو ئۆتۆمبێلە مێرسیدسەكەیدا، بەبێ هۆشی دۆزرایەوە و دووبارە دەركەوت مادەی هۆشبەری بەكار هێناوە، بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی 100 سەعات خرایە ژێر خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتییەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لێخوڕینی لێ قەدەغە كرا.

جێی ئاماژەیە، بەرهەمەكانی جۆرج مایكڵ لە دنیادا، تا ئێستە زیاتر لە 100 ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە، بە شێوەیەك تەنیا ئەلبوومی یەكەمی كە لە ساڵی 1987 بڵاوی كردەوە زیاتر لە 20 ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا.

شایەنی باسە، جۆرج مایکڵ، یەکێکە لەو هونەرمەند و کەسایەتییە جیهانییانەی، کە لە ساڵی 1991 بەشداری کردووە لە هەلمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ ئاوارەکانی کۆڕەوەکەی ئەو ساڵەی کوردستان.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی